قایمقام: کەمکردنەوەی کارەبا داوای خۆیان بوو

ژمارەیەک هاوڵاتی لە قەرەداغ: کارەبا نییە ئیستنساخ بکەین

964+

ئەحمەد مستەفا

ژمارەیەک هاوڵاتی و دوکاندار لە قەزای قەرەداغ، ئەمڕۆ دووشەممە چوونەتە دیوانی قایمقامیەت و داوای زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای مۆلیدە دەکەن، لە کاتێکدا لەسەر “داواکاری ماڵەکان پێدانی کارەبا بەهۆی دۆخی داراییان کەمکراوەتەوە”.

قەزاکە بە دووری نزیكەی 45 كیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای سلێمانی، ناحیەی سێوسێنان و 84 گوند دەکەونە سنوورەکەیەوە و 22 فەرمانگەی تێدایە، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 10 هەزار و 900 کەس ژمارەی دانیشتووانەکەیەتی و هاوبەشی کارەبان.

زۆرینەی کاتەکان لە کاتژمێر 5:00ی ئێوارە تا 2:00ی بەرەبەیان کارەبای مۆلیدە و نیشتمانی هەن، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدە کەمتر نییە لە 13 هەزار دینار، رەئوف کەمال قایمقامی قەزاکەیە ئەو بە 964ی وت، کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای مۆلیدە، لەسەر داوای خەڵک بووە، چونکە “بێ موچەن و بە بڕیار بە خاوەن مۆلیدەکانمان جێبەجێ کردووە”.

بە وتەی ئەو بێت، چەند رۆژێکە ژمارەیەک قوتابخانە بایکۆتیان شکاندووە،  دوکاندارەکانی وێنەگری و خەڵکیش کە مامەڵەی فەرمانگەکانیان هەیە، نیگەرانی دەردەبڕن و ئەمڕۆ سەردانیان کردوون، دەشڵێت، “بڕیار دراوە لە کاتژمێر 7:00 بۆ 8:00ی بەیانی کارەبا بدرێتە ماڵەکان و دوکاندارەکان، بەڵام دوکاندارەکان داوا دەکەن لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی بۆ 12:00ی نیوەڕۆ کارەبایان پێ بدرێ”.

قایمقام ئەو داواکارییە بە بارگرانی لەسەر خەڵک دەبینێت و داوای کردووە سوود لە مۆلیدەی کەسی ببینرێت و هەوڵدەدەن سووتەمەنی بۆ قوتابخانەکان دابین بکەن، هەروەک ئەوەی بە 964 وت، “تا خەڵکی قەزاکە رەزامەندی نەدەن، خاوەن مۆلیدەکان ناتوانن تەنیا بۆ کارەبای دوکاندارەکان کار بە مۆلیدە بکەن”.

دیوارێک لەناو بەنداوی قەرەداغ دەرکەوت و شارەوانی دوزخ...

دیوارێک لەناو بەنداوی قەرەداغ دەرکەوت و شارەوانی دوزخورماتوو بە جارێک 35 دوکانی سزادا