دیمەنی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی _ وێنە: 964
"با لە حکومی و ئەهلییش بایکۆت بکەن"
بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ئاگاداركردنەوەی داوە بە پزیشكانی پایەبڵند
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دوای بایكۆتی پزیشكانی خولاو، ژمارەیەك لە پزیشكانی پایەبڵندیش هۆشداریانداوەتە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، کە وەك چین و توێژەكانی دیكە بایكۆتی دەوام دەكەن و چیتر بێ موچە دەوام ناكەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی ئەوە بە 964 راگەیاند، پزیشکانی پابەبڵند نیازی ئەوەیان هەبوو بایکۆتی دەوام بکەن.
لە بەرامبەردا بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاگاداركردنەوەی داوە بە پزیشكانی پایەبڵند، بایكۆتی دەوام نەكەن.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە پزیشكانی پایەبڵند بە 964ی وت، “بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاگاداركردنەوەی داوە بە پزیشكانی پایەبڵند، كە بایكۆتی دەوام نەكەن، وەك فشارێك مەرجی داناوە هەر پزیشكێك بایكۆتی دەوامی حكومی بكات، دەبێت بایكۆتی نەخۆشخانە ئەهلییەكان و نۆرینگە تایبەتیەكانیش بكەن و رێگەیان پێنادرێت لە دەرەوەی نەخۆشخانە حكومییەكان دەوام بكەن”.
پزیشكانی پایە بڵند لەو پزیشكانە پێكهاتوون، كە لەنەخۆشخانە حكومییەكان دەوام دەكەن و سەر بە كەرتی تەندروستین، خوێندكاری خوێندنی باڵان و ژمارەیان 650 پزیشكە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا