دیمەنێک لە پێشانگەی خواردن وخواردنەوە لە مۆسکۆ _ وێنە: WFM
ئەمڕۆ دوایین دەرفەتە
بازرگانە کوردەکان میوانی روسیا دەبن
ئەحمەد مستەفا
بازرگانە کوردەکان، لە رێگەی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستانەوە بانگهێشتی مۆسکۆی پایتەختی روسیا کران، بۆ بەشداری لە پێشانگایەکی خواردن و خواردنەوە.
بازرگانەکان دەتوانن بینەری 13 بەرهەمی خواردن و خواردنەوە بن، کە لە پێشانگاکەدا بەرهەمی وڵاتەکانی ئازەربایجان، بێلاڕوسیا، بەڕازیل، چین، ئێران، قیرغیزستان، کۆریای باشوور، سڕبیا، باشووری ئۆسیتیا، سریلانکا، تونس و تورکیا بەشدارییان پێکراوە.
مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتییەکە بە 964ی وت، لە رێگەی سەرۆکایەتیی گشتییەوە، ئەندامانی سەرجەم لقەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکوک، هەڵەبجەی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بانگهێشت دەکەین، کە پێشانگاکە لە 5.2.2024 بۆ 9.2.2024 بەردەوام دەبێ.
لە پێشانگاکەدا بابەتە جیاوازەکان، (گۆشت و بەرهەمە گۆشتییەکان، بەرهەمی شیرەمەنی، میوە و دانەوێڵە، بەهارات و بەرهەمە گیاییەکان، خواردەمەنی بەستوو، خواردەمەنی لە قوتوونراو، هەنگوین و هەنگەوانی، ماسی و خواردنە دەریاییەکان، خواردەمەنی فرێش، جۆرەکانی خواردنەوە، ئاوی کانزایی، چا، قاوە، شەربەت، خۆراكى منداڵى ساوا، خۆراکی وەرزشی و خواردنی ئاژەڵ) نمایش دەکرێن.
ئەو بازرگانانەی کە دەچن، دەبێت بۆ ناوتۆمارکردن سەردانی لقەکانی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران بکەن، دوامۆڵەت بۆ ناوتۆمارکردنیان و ناردنی لیستی ناوەکان و پاسپۆرتەکانیان، کاتژمێر12:00ی رۆژی دووشەممە 29.1.2024 دەبێت.