سوودانی بۆ رووداوەکەی کەرکوک

لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد پەیوەندی بە خێزانی قوربانیان و بریندارەکان بکەن

فەرهاد حەسەن

سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرەخۆشی لە قوربانیانی رووداوە هاتووچۆکەی کەرکوک کردو لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی راسپارد بۆ پاڵپشتیکردنی خێزانەکانیان.

ئەمڕۆ دووشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بلاویکردەوە کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ رووداوەکەی کەرکوک کە بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەندین کەس، سەرەخۆشی قووڵی خۆی ئاڕاستەی خێزانی قوربانییان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆک وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد “بۆ پەیوەندیکردن بە خێزانی قوربانیان و بریندارەکان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی و چاودێری پێویست، و گرتنەبەری سەرجەم رێکارە یاساییەکان”.

جەختی کردووەتەوە کە “پێویستە دڵنیابوونەوە لە مەرجەکانی سەلامەتی و ئاسایش، و جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکانی هاتووچۆ هەبێت بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوە ناخۆشانە”.

لایخۆشییەوە، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە، کە سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی، بۆ ئەم رووداوە دڵتەزێنەی هاتووچۆ کە لەپارێزگای کەرکوک روویداوە، جەخت دەکاتەوە لەپێویستی گرتنەبەری رێوشوێنی خێرا بۆ پێشگرتن لەدووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوە دڵتەزێنانە، لە رێگای لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ، بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و بەهێزکردنی رێوشوێنی سەلامەتی گشتی.