زمانی چینی بە گەرەنتی هەلی کارەوە بخوێنە
964+
شۆڕش عەبدولستار – هەولێر
ئەمساڵ یەکەم گرووپی خوێندکارانی بەشی زمانی چینی لە کۆلیژی زمانی زانکۆی سەڵاحەدین ئاهەنگی دەرچوون دەگێڕن، راگری کۆلێژی زمانیش دەڵێت: لەو چوار ساڵەدا تەنها 13 خوێندکاریان هەبووە.
بەشەکە بە هاوکاریی کونسوڵخانەی وڵاتی چین لە کوردستان لە ساڵی 2019دا کراوەتەوە، 18 خوێندکاری وەرگرتووەو پێنجیان وازیان هێناوە.
د.عارف هادی، راگری کۆلێژی زمان لە زانکۆی سەڵاحەدین بە 964+ـی وت: سێ مامۆستای چینیمان هەیە و دوو مامۆستای کوردیش کە وانەی کوردی دەڵێنەوەو سەرجەم خوێندکارەکانیشی کوردن.
” لە سێ ساڵی رابردوودا هیچ خوێندکارێک ئارەزوومەند نەبووە لەو بەشە بخوێنێت، لەکاتێکدا بەشێکی گرنگە و لە هەموو رووەکانەوە داهاتوویەکی گەشی هەیە” د. عارف هادی وای وت.”.
بەشەکە بەهۆی نەبوونی خوێندکارەوە ساڵی خوێندنی 2020 – 2021 نەبووە..
964+ لە بەدواداچوونەکانیدا بۆی دەرکەوتووە، لە هەرێمی کوردستان 30 کۆمپانیای چینی هەن و دوو هەزار هاوڵاتیی ئەو وڵاتەشی تیادا دەژین.
“هێشتا ئەو خوێندکارانە دەرنەچوون هەموویان هەلی کاریان لە لایەن کونسوڵخانەی چینەوە بۆ دابین کراوە”، د.عارف هادی وای وت.
زانکۆی سەڵاحەدین جگە لەو بەشە، وەرزی هاوینان کۆرسی فێربوونی زمانی چینی بۆ سەرجەم چین و توێژەکان دەکاتەوە.