ئاگاتان لە "حاجی عوسمان" بێت

بەناوی کاری خێرخوازی چوار سەر ئاژەڵی کەسێکی بردووە و دیار نەماوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

کەسێک بەناوی خوازراوی “حاجی عوسمان” چوار سەر ئاژەڵی خانەوادەیەکی لە گوندی ساڵح ئاغای سەر بە ناحیەی قۆرەتوو لە ئیدارەی گەرمیان دەبات و ئێستا سۆراغی نییە ، پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت ھاوڵاتیان دەبێت ئاگاداربن لەو جۆرە فێڵانە.

ئاژەڵەکان دوو مانگا و دوو گوێرەکە بوون کە براون.

زینەت کەریم خاوەنی ئاژەڵەکان بە 964ـی وت، “رۆژی ھەینی 26.1.2024 کەسێک بە ناوی حاجی عوسمان پەیوەندی کرد، پێی وتین کەسێکی خێرخوازە و دەیەوێت ئاژەڵ بکڕێت و گۆشتەکەی بکات بەخێر، ئەگەر مانگا و گوێرەکەکانتان بفرۆشن لێتان دەکڕم، ئێمەش مامەڵەمان لەگەڵی کردووە و پێی وتووین ئاژەڵەکانم بۆ بھێننە ناحیەی عەربەت”.

وتیشی،” ھەر رۆژی ھەینی ئاژەڵەکانمان بە ئۆتۆمبێل برد بۆ ناحیەی عەربەت، لەوێ ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگر ھات، پێی وتین حاجی عوسمان ناردوویەتی بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانی بۆ ببات”.

“شۆفێرەکە پێی وتوین بڕۆنە ئەو رێستۆرانتە پشوویەک بدەن تا ئاژەڵەکان باردەکەم، دواتر پارەکەتان بۆ دێنم ، بەڵام کاتێک ئاگامان لێی نەما، ئاژەڵەکانی برد و رۆیشت، ئەو حاجی عوسمانەش ئێستا ژمارەکەی داخراوە” زینەت کەریم وای وت.

زینەت ئەوەشی وت، “مێردەکەم دوو مانگاکەی بە قەرز کڕیوە بە بڕی ھەشت ملیۆن دینار بە مەبەستی قازانجکردن، بەڵام ئەو کەسە دوو مانگاکە و دوو گوێرەکەی بردووین و کەسیش نازانێت کێیە، ئەمڕۆ یەکشەممە، رۆیشتینە پۆلیسی گەرمیان و سکاڵامان تۆمار کرد”.

پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، پێویستە ھاوڵاتیان ئاگاداربن لەو جۆرە فێڵانە چەندینجار ھاوڵاتیانمان ئاگادارکردووەتەوە مامەڵەی لەوشێوەیە نەکەن.

عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە 964ـی وت، ئەو ھاوڵاتییە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە سکاڵای تۆمار کردووە، پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لەسەر رووداوەکە.

ئەمە لەکاتێکدایە لە مانگی 10ـەی 2023 کەسێک بەناوی خوازراوی حاجی عومەر، بەھەمان چیرۆکی کاری خێرخوازی، نزیکەی 30 سەر ئاژەڵی دوو خاوەن ئاژەڵی لە گەرمیان برد و دواتر ژمارەکەی داخست، وتەبێژەکەی پۆلیسی گەرمیان لەسەر ئەو رووداوەی ساڵی پێشوو ئەوەی وت، “کەسێک لەسەر ئەو بابەتە دەستگیرکرا و لەلایەن دادگاوە سزا درا”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

گەرمیان.. لەسەر دزینی ١٣ سەر ئاژەڵ پێنج کەس دەستگیر کرا...

گەرمیان.. لەسەر دزینی ١٣ سەر ئاژەڵ پێنج کەس دەستگیر کران