نائارامییەکە بەردەوامە

حوسییەکان واز نایەنن و ئەمەریکاش لێیان دەدات

964+

وریا فەتاح

هێرشى حوسیییەکان بۆسەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بەردەوامە و لە نوێترین هێرشدا لە دەریاى عەدەن بە مووشەکێک کەشتییەکیان بە ئامانج گرت و ئەمەریکاش جارێکى دیکە هێرشى بۆسەر حوسییەکان دەستپێکرد، ئەوەش نرخى نەوتى زیاتر بەرز کردەوە.

بەپێى ئەوەى حوسییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە شەوى رابردوو، کەشتى مارلین لواندایان کردووەتە ئامانج.

وتەبێژی کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکدا بە کەناڵی سی ئێن بی سی-ی راگەیاندووە، کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە بە ناوی کۆمپانیای ترافیورا کاردەکات، شەوى هەینى دوای تێپەڕاندنی لە دەریای سوور، بە مووشەکێک پێکراوە.

بەپێى لێدوانى کۆمپانیاکە، لە پەیوەندى و هەوڵى بەردەوامدان بەگەڵ بەڕێوەبەرانى کەشتییەکە تا بتوانن بە باشترین شێوە هاوکاریان پێشکەش بکەن.

چەکدارە حوسییەکان بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرت و ئەو کەشتییەیان بە “کەشتییەکی نەوتی بەریتانیا” وەسف کرد.

یەحیا ساری، وتەبێژی سەربازی حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، چەکدارەکان “ژمارەیەک مووشەکی دەریایی گونجاویان بەکارهێناوە، هێرشەکە راستەوخۆ بووە و لە ئەنجامدا کەشتییەکە سووتاوە.

چەکدارە حوسییەکانى یەکەن، لە مانگی نۆڤەمبەرەوە بۆ پشتیوانی لە فەڵەستینییەکان دەستییان بە هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانى دەریاى سوور کردووە، ئەمەش واى کرد ئەمریکا و بەریتانیا لە 11ی ئەم مانگەوە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆسەر حوسییەکان دەستپێبکەن.

لەلایەکى دیکەوە، بەپێى راپۆرتى فەرماندەیى ناوەندى ئەمەریکا، دوێنێ هەینەى حوسییەکان مووشەکێکی بالیستییان ئاراستەى کەشتییەکى هێزى دەریایى ئەمەریکا لە کەنداوى عەدەن کردووە، بەڵام مووشەکەکە لەلایەن سیستمى بەرگرى کەشتییەکە خراوەتە خوارەوەوە.

نائارامیى دەریاى سوور بووەتە هۆى ئەوەى چەندین کۆمپانیاى گەورەى جیهانى، هاتوچۆى کەشتییەکانیان لە دەریاکە رابگرن.

هێرشەکانیش بوونەتە هۆى بەرزبونەوەى نرخى نەوت، ئەمڕۆ هەینیش نرخى نەوت گەیشتووەتە بەرزترین ئاستى لە ماوەى دوو مانگى رابردوودا.

حوسییەکان نەیانهێشت نرخی نەوت دابەزێت

حوسییەکان نەیانهێشت نرخی نەوت دابەزێت