براکەی لە شەڕی غەزە گیانی لەدەستداوە
هاوار بەسەر وەزیری بەرگریدا دەکات: شەڕ رابگرن
+964
موحسین عومەر
گەنجێک لە کاتی پرسە و ناشتنی تەرمی سەربازانی ئیسرائیل، بە گریانەوە روو دەکاتە بێنی گانتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل و دەڵێت: بەسە شەڕ رابگرن.
لە هێرشێکی حەماسدا 21 سەربازی ئیسرائیلی گیانیان لەدەست دا، لە مەراسیمی ناشتنی تەرمەکان لە رۆژهەڵاتی کەمپی مەغازی، گەنجێک دەست دەکات بە هاوار و ناڕازییە و بەگریانەوە قسەکانی ئاراستەی وەزریری بەرگری ئیسرائیلی دەکات.
دوێنێ چوارشەممە 24.1.2024 بێنی گانتس، لە لێدوانێکدا گوتی: حکومەت لە هەوڵی جدیدایە بۆ گەڕاندنەوەی دیلەکانمان لەدەست چەکدارانی حەماس، لە غەزە.
وەزیری بەرگری ئیسرائیلی باسی لەوەش کرد: “بەڵێن بە کەسوکاری رفێنراوەکان و هەمووان دەدەم، وەک چۆن لە رابردوودا توانیمان بڕیاری سەخت بدەین، لە داهاتووشدا دەزانین چۆن ئەو بڕیارانە بدەین، ئەگەر گرێبەستێکی راستەقینە لەسەر مێزەکە هەبێت و چەکدارانی حەماس ئامادە بن بۆ ئاڵوگۆری دیلەکان”.
لە دوای هێرش و تووڕەیی ئەو گەنجە، بێنی هیچ وەڵامێکی نەبوو، تەنیا داوایکرد دان بەخۆیدا بگرێت، بەڵام ئامادەبووان و ئاسایش کوڕەکەیان راگرت بۆ ئەوەی زیاتر هێرش نەکاتە سەر وەزیری بەرگری.
رائید ئادەم باسیموس، تەمەن 35 ساڵ، برای ئەو گەنجە بوو کە لە هێرشێکی چەکدارانی حەماسدا گیانی لەدەستدا.