"نەخۆشخانەیان نییە"

بەردەڕەش بە دەست نەبوونی پزیشکی پسپۆڕەوە دەناڵێنێت

964+
زەید کۆچەر-دهۆک

قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش كێشه‌ی كه‌میی پزیشكی گشتی و پسپۆڕی هه‌یه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیش ده‌ڵێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاسانكارییان بۆ ناكرێت، پزیشكه‌كان نایه‌نه‌ قه‌زاكه‌.

قەزای بەردەڕەش ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 160هەزار کەسە و سێ ناحیە و 106 گوندی لەسەرە، تا ئێستا به‌هۆی نەبوونی پزیشکی گشتی و پسپۆر لە بوارەکانی جیاجیادا دەناڵێنێت.
خەڵکی قەزاكە بۆ نەخۆشەکانیان، سەردانی قەزاکانی دیكه‌ی پارێزگای دهۆک دەکەن و رێیەکی دوور دەگرنەبەر.
د.خدر ساڵح خدر، بەڕێوه‌بەری تەندروستیی بەردەڕەش بە 964ی وت، “لە قەزای بەردەڕەش ژمارەی پزیشکی پسپۆر زۆر کەمن و دەمەوێ راستییەک ئاشکرا بکەم، کە هیچ پزیشکێکی پسپۆر بە ئاسانی نایه‌ن بۆ قەزاكه‌، چونكه‌ هیچ ئاسانکارییه‌کیان بۆ ناكرێت”.
“ئێمە لە قەزای به‌رده‌ڕه‌ش هیچ نەخۆشخانەیەکمان نییە و پزیشک ناچار نییه‌ لە بنکەی تەندروستی دەوام بکات”، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی به‌رده‌ڕه‌ش وا ده‌ڵێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، پزیشکەکان میفراس، تیشكی ره‌نگاوڕه‌نگ، رەنینی موگناتیسی، ئیکۆ و تیشكی دڵیان دەوێت، كه‌ لێرە نییە، بۆیە زۆر زەحمەته‌ بێن و لەلای ئه‌وان دەوام بکەن.
د.خدر ساڵح باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات، “تا ئێستا شوێنی مانەوەی پزیشک لە قەزای بەردەڕەش بۆ ئەو پزیشکانەی خەڵکی دەرەوەی قەزاکەبن، نییه‌، ئەمەش گرفتێکی گەورەیە و تا ئیستا چارەسەرمان نەکردووە، بۆیە پزیشکی پسپۆرمان لە بەردەڕەش نییە و زۆر زۆر کەمە، ئێستا تەنیا سێ پزیشکی پسپۆرمان هەیە لە بوارەکانی پێست، ئافرەتان و هەستیاری”.

نەخۆشخانه‌ی فریاکەوتنی قەزای بەردەڕەش نزیکەی چوار ساڵە کارەکانی تەواو بووە، به‌ڵام تا ئیستا نەکراوەتەوە.
به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی به‌رده‌ڕه‌ش ده‌ڵێت، بڕیار وایه‌ چەند مانگی داهاتوو نه‌خۆشخانه‌كه‌ بکرێتەوە و ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ کیشەی کەمیی پزیشکی پسپۆر لە قەزاکە چارەسەر بکات.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

کورسیى گواستنەوەى نەخۆش کێشەى بۆ تەندروستیى بەردەڕەش ...

کورسیى گواستنەوەى نەخۆش کێشەى بۆ تەندروستیى بەردەڕەش دروست کردووە