گەراجی یاریگای هەولێر دەکرێتە شوقە

964+
فەهمی نەبی – هەولێر

بەشی پێشەوەی یاریگای یانەی هەولێر کە دەکەوێتە شەقامی 60 مەتری، دەفرۆشرێت و دەکرێت بە یەکەی نیشتەجێبوون لەلایەن ئیدارەی یانەکە.

بەشێک لەو رووبەرەی دیاریکراوە بریتیە لە گەراجی یاریگای یانەکە.

964+ زانیویەتی بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی رووی لە یانەی هەولێر کردووە، کارگێڕی یانەکە بڕیاریداوە، ئەو پارچە زەویەی یاریگاکە کە دەکەوێتە شەقامی 60 مەتری و رووبەرەکەی 547 مەترە، بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بداتە کۆمپانیا بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون.

ئیبراهیم قادر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی یانەی هەولێر، بە 964+ی وت “ئەم هەواڵە 100% راستە چونکە یانەی هەولێر پاڵپشتی دارایی لاوازە و پێویستی بە خۆبژێوییە”.

بە وتەی ئیبراهیم، کرێی مانەوەی ئەو یاریزانانەی بیانین و یاری بۆ یانەی هەولێر دەکەن مانگانە 10 هەزار دۆلارە، واتا دەفتەرێک دۆلار.

هەرچی شارەوانی هەولێرە، رەتیدەکاتەوە پڕۆژەیەکی لەمجۆرە هاتبێتە شارەوانیەکەیان.

سیامەند کەریم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی هەولێر بە 964+ی وت “هێشتا هیچ پڕۆژەیەکی لەمجۆرە نەهاتۆتە شارەوانی هەولێر”.

یاریگای یانەی هەولێر، کە ئێستا بە یاریگای فەرەنسۆ هەریری ناسراوە، لە سەرەتاکانی ساڵی 1960 دەستکراوە بە دروستکردنی و لە 1998 جارێکی دیکە بە فراوانی نۆژەنکراوەتەوە.