کارەبا بڕاوە

به‌هۆی به‌فر و سه‌رماوه‌ 89 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست دا


ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

لە ئەنجامی ئەو بەفربارینە توندوتیژ و بەستەڵەکییە توندانەی لە ماوەی چه‌ند رۆژی رابردوودا ناوچە جیاجیاکانی ئه‌مریكای گرتووه‌تەوە، به‌ لای کەم 89 کەس گیانیان لەدەست داوه‌.

بە گوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، گیانلەدەستدانی 25 کەس لە ویلایەتی تێنسی پشتڕاستکراوەتەوە، لانیکەم 16 کەسیش لە ئۆریگۆن گیانیان لەدەستداوە، کە 3 کەسیان لەئەنجامی کەوتنە خوارەوەی دارێک بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیاندا گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها لە ویلایەته‌كانی ئیلینۆیس، پێنسیلڤانیا، میسیسیپی، واشنتۆن، کێنتاکیی، ویسکۆنسێن، نیویۆرک و نیوجێرسی گیانلەدەستدان هه‌بووه‌.

هه‌روه‌ها لە کەناری رۆژئاوا، ویلایه‌تی ئۆریگۆن هێشتا لە دۆخی نائاساییدایە، دوای ئەوەی زریانێكی به‌هێز ناوچەکەی گرتەوە و کارەبای زیاتر لە 45 هەزار کەس پچڕا، هه‌روه‌ها کارەبای له‌ ده‌یان شوێنی ویلایەته‌كانی پێنسیلڤانیا، کالیفۆرنیا، نیومەکسیکۆ و ئیندیانا بڕاوه‌.

شارەزایانی کەشناسی دەڵێن، پێشبینی دەکرێت گەردەلولی بەفر و شەپۆلی سه‌رما و سۆڵه‌ تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەردەوام بێت.