نێچیرڤان بارزانی چۆن لە شەڕەکەی ناو یاریگا رزگاری بوو؟

+964

فەرمان سادق

لە یەکەم رۆژی پاڵەوانیەتی کەنداوی 25، شەڕ لەناو بەشی ڤی ئای پی یاریگا روویدا، نێچیرڤان بارزانی بە زەحمەت رزگاری بوو.

ئێوارەی ئەمڕۆ یارییەکانی پاڵەوانیەتی کەنداوی 25 لە شاری بەسرە بە یاری نێوان عێراق و عەمان دەستی پێکرد و یارییەکەش بێ گۆڵ کۆتایی هات.

بەگوێرەی ئەو پارچە ڤیدیۆییەی لە سۆشیال میدیا بڵاوبۆتەوە، تێیدا دەردەکەوێت کە شەڕ لەناو بەشی ڤی ئای پی یاریگا روودەدات و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەبوون لە ئاهەنگی کردنەوەی پاڵەوانیەتی کەنداوی 25، چووە بەسرە.

هەریەکە لە حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، شاکر سمۆ بەڕێوەبەری گشتی وەرزش و لاوان، یاوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوون بۆ ئامادەبوون لە ئاهەنگی کرانەوەی پاڵەوانیەتییەکەو بینینی یاری نێوان عێراق و عومان.

شاندی وڵاتی کوێت کە سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی سەرۆکایەتی دەکرد، پاڵەوانیەتی کەنداوی 25ـیان جێهێشت و رایانگەیاند کە وەک پێویست رێزیان نەگیراوە، لەسەر ئەمەش شەڕ لەناو بەشی ڤی ئای پی دانیشتنی میوانان لەناو یاریگا دروست بوو.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر کە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەسرە بوو، لە رێگەی واتس ئەپ قسەی بۆ +964 کرد، ئەوەی رەتکردەوە کە ئەو قەرەباڵغییەی لە گرتە ڤیدیۆییەکە دەردەکەوێت لە دەوری سەرۆکی هەرێم، پەیوەندی بە شەرەکەی شاندی کوێتەوە هەبێت.

ئومێد خۆشناو، کاتێک قسەی بۆ +964 کرد، گەیشتبووەوە هەولێر، بەو مانایەی تەواوی شاندی هەرێمی کوردستان ەب نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمەوەش، گەیشتبوونەوە کوردستان.

زیاتر وتی، “ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆییەکە دەردەکەوێت شەڕ نەبوو، بەڵکو قەرەباڵغییەک دروستبوو کە هەر کەس پاڵی بەوەی ترەوە دەنا”.

پاڵەوانیەتی کەنداوی 25، ئەمڕۆ دەستی پێکرد، بڕیارە یاری کۆتایی لە 19ـی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت و پاڵەوانیەتییەکە کۆتایی پێبێت.

ڤیدیۆ – سۆشیال میدیا