وەزیرى دەرەوەى ئێران وێنە: ئاژانسى هەواڵى مێهر
ئێران حاشاى لێدەکات
“هیچ بەڵگەیەک نییە منداڵێک لە هێرشەکەى سەر هەولێر گیانى لەدەستدابێت”
964+
وریا فەتاح
هەرچەندە لەسەر کوشتنى ژینا دزەیى تەمەن 11 مانگ، هۆڵەندا ئیدانەى ئێران دەکات، بەڵام بە قسەى وەزیرى دەرەوەى ئێران، هیچ منداڵێک لە هێرشەکەى سوپاى پاسداران بۆ سەر هەولێر گیانى لەدەست نەداوە و دەڵێت: بەڵگەمان نییە.
دواى ئەوەى دوێنێ شەممە، لەسەر کوشتنى ژینا دزەیى کە لە هێرشەکەى ئێران بۆ سەر هەولێر گیانى لەدەستدا بوو، هانکێ برینس سلۆت، وەزیرى دەرەوەى هۆڵەندا، پەیوەندى بە وەزیرى دەرەوەى ئێرانەوە کرد و ئیدانەى هێرشەکانى کرد، ئەمڕۆ ئاژانسى هەواڵى مێهرى ئێرانى لە حوسێن ئەمێر عەبدوڵاهیانى وەزیرى دەرەوەى ئێرانەوە رایگەیاندووە،”تاران هیچ بەڵگەیەکى لەبەردەست نییە بیسەلمێنێت لە هێرشەکەیان بۆ سەر هەولێر گیانى لەدەستدابێت”.
هەرچەندە ئێران حاشاى لێدەکات، بەڵام وەزیرى دەرەوەى هۆڵەندا لە تۆڕی ئێکس وێڕاى ئیدانەکردنى کوشتنى ژینا دزەیى، کە هەڵگرى رەگەزنامەى هۆڵەندییە، ئامادەیى وڵاتەکەى پیشانداوە بۆ هاوکارى خێزانەکەى ژینا و هەموو ئەوانەى لە رووداوەکەدا زیانیان بەرکەوتووە.