بالیۆزی فلپین لەگەڵ تیمێکی بەرگری شارستانی هەولێر دەردەکەوێت. وێنە:بەرگری شارستانی هەولێر.
بالیۆزی فلپین هاتووەتە شوێنەکە
چوار رۆژە گەڕان بەدوای تەرمی ژنە فلپینیەکە بەردەوامە
964+
فەهمی نەبی
چوار رۆژ دەبێت تیمی بەرگری شارستانی هەولێر لەژێر داروپەردووی خانوە رووخاوەکەی ماڵی پێشڕەو دزەیی بەدوای تەرمی میشێل دەگەڕێن کە هاوڵاتییەکی فلپینییە و هێشتا هیچ سۆراغێکی نییە.
ئەمڕۆ هەینی بالیۆزی فلپین (چارلی باكانیا مانانجان) هاتووەتە شوێنی رووداوەکە لەسەر رێگای پیرمام.
کاروان میراودەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ی راگەیاند، هاتنی باڵیۆزی فلپین بۆ دوو مەبەست بووە، هاتووە تا بزانێت میکانیزمی گەڕانەکان چۆن بەڕێوەدەچن، هاوکات ئەوەشی وتوە هەر هاوکارییەک پێویست بێت لەرووی دابینکردنی کەرەستەوە ئەوان هاوکاری تیمی بەرگری شارستانی هەولێر دەکەن.
وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئەوەش دەڵێت، چوار شەو و چوار رۆژە گەڕان بۆ تەرمی میشێلی تەمەن 42 ساڵە بەردەوامی هەیە و هەموو کەرەستەی پێویستی بەدوا گەڕان بەردەستن.
شەوی 15.1.2024 سوپای پاسدارانی ئێران هێرشێکی موشەکی کردە سەر ماڵی سەرمایەدار “پێشڕەو دزەیی” خۆی و کچێکی لەگەڵ سەرمایەدارێکی دیکەی هاوڕێی لەو هێرشە گیانیان لەدەستدا، تەرمی ژنێکی فلپینیش هێشتا نەدۆزراوەتەوە.