لۆگۆی دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێم.
لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن
دوو رۆژە تیمێکی فەرمانگەی مینی بەغدا لە هەولێرن
964+
پێشەوا محەمەد
دوو رۆژە تیمێکی فەرمانگەی مینی بەغدا لە هەولێرن و لەگەڵ دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەرێم تاوتوێی ئەو لێکتێگەیشتنە دەکەن، کە بڕیارە لە نێوان خۆیاندا واژۆی بکەن.
تیمەکە مانگی حەوتی ساڵی رابردووش بۆ ماوەی سێ رۆژ بۆ هەمان مەبەست لە هەرێم مابوونەوە.
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، تەواوی خاڵەکانی لێکتێگەیشتەنەکە گفتوگۆی لەسەر کراوە و بە لەبەرچاوگرتنی سەرنجەکانی وەزارەتی ژینگەی عێراق پێدەچێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا واژۆ لەسەر لێکتێگەیشتنەکە بکرێت.
دەشڵێت، بە پێی لێکتێگەیشتنەکە، ناوچە مەترسیدارەکانی مین لە ناوچە جێناکۆکەکان بە هاوبەشی کاریان لەسەر دەکرێت و سەرژمێری قوربانیانی مین دەکرێت و خولی هۆشیاریی هاوبەشیش دەکرێتەوە.
پێشتر ئەگەر رێکخراوێک لەگەڵ هەرێم کاری بکردایە، بۆی نەبوو لە بەغدا کاربکات و بە پێچەوانەشەوە، “بەڵام لەو لێکتێگەیشتنەدا ئەوە نامێنێت و رێکخراوەکان دەتوانن لە بەغدا و هەرێم کاربکەن.
لە ساڵی 2013ـەوە ئەو دوو دەزگایە هیچ پەیوەندییەکیان نەبووە.
هەر بە پێی لێکتێگەیشتنەکە، دەزگای گشتی کاروباری مینی هەرێم لەو بودجەیە سوودمەند دەبێت، کە حکومەتی عێراقی بۆ پاکسازی مین تەرخانی دەکات.