761 کارمەندن
گرێبەستی کارکردنی کارمەندانی دەزگای کاروباری مین نوێکرایەوە
964+
پێشەوا محەمەد
دەزگای گشتیی کاروباری مین نوێکردنەوەی گرێبەستی کارمەندە گرێبەستەکانی راگەیاند و سەرۆکەکەی دەڵێت، ئەوکارە هاوکارییان دەکات بۆ زیاتر پاککردنەوەی هەرێمی کوردستان لە مین.
دەزگاکە 761 کارمەندی گرێبەستی هەیە، بەوانەوە کە لەگەڵ رێکخراوەکانی مینهەڵگرەوە کاردەکەن و گرێبەستیان لەگەڵ ئەوان هەیە ژمارەیان هەزار و 551 کارمەندە.
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین بە 964ـی راگەیاند، گرێبەستی ئەو کارمەندانە ساڵانە نوێ دەکرێنەوە و بۆ ساڵی 2024ـیش ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی داوە بە درێژکردنەوەیان.
وتیشی، “هێشتا کێشەی کارمەند و میلاکمان هەیە، بەڵام بە تازەکردنەوەی ئەو کارمەندانەی ئێستا هەمانن دەتوانین بەردەوام بین و ئەو خاکە پیسکراوەی بە مین ماوەتەوە لە کوردستان پاکی بکەینەوە”.
لەو 776 کیلۆمەتر زەوییەی لە هەرێمی کوردستان بە مین چێندراوە 521 کیلۆمەتر لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە مین پاککراوەتەوە.
دەزگاکە لە ماوەی کارکردنیدا نزیکەی 90 کەمئەندام و 40 گیانلەدەستدانیان هەیە.