مۆندیالی 964
“مۆندیالی ئەمریکا دزی و قۆڵبڕینە”
+964
ئەرسەلان عەبدوڵآ
رۆژ بە رۆژ کێشە و گرفتەکانی مۆندیالی 2026 زیاتر دەردەکەون و بارگرانی و خەرجیی زۆر بۆ سەر هاندەران و گەشتیاران ئاشکرا دەبن، جا ئەوەی بیر لەوە دەکاتەوە لە یارییەکانی مۆندیال ئامادە بێت، لە ئێستاوە بە حیسابی خۆی بکات و دەبێت کۆڵێک پارەی پێ بێت، بە تایبەتی لە یاریگەکانی ئەمریکا.
واز لە نرخی بلیتی یارییەکان بێنن کە لە کڕین نایە و یاریی هەیە سێ چوار هەزار دۆلار تەکلیف دەکات، ئەوەتا هاتوچۆش زۆر گران بووە و نرخەکان ئاشکرا کراون.
یەکێتیی هاندەرانی تۆپی پێ هاواریان لێ هەڵساوە و دەڵێن، لە ئەمریکا دزی و راورووت دەستیپێکردووە، ئەگەرنا مەعقول چییە بلیتی شەمەندەفەر بۆ گەیشتن بە یاریگەی میتلایف لە نیوجێرسی 150 دۆلار بێت، جا فەرقی گەورە و گچکەش نییە و بۆ هەمووان بەو نرخەیە.
واتا هاندەرێک لە وێستگەی (بین) لە مانهاتن بچێتە نیوجێرسی، کە 18 میلە و بە نیو سەعات دەگەی، دەبێت 150 دۆلار بدات، لە کاتێکدا ئێستا نرخەکەی بە چوون و گەڕانەوە 12 دۆلار و 90 سەنتە.
ئااااای مۆندیالی قەتەڕ چەند خۆش بووی بۆ هاندەران، کورە هاتوچۆ هەر بەلاش بوو لەوسەری قەتەڕ بۆ ئەمسەری.
لە ئەمریکای کاپیتەڵیزمدا وەزعەکە بە نەوعێکی ترە و ئەوەتا ئاشکرابووە نرخی پاسیش گران دەبێ و هێشتا دوو مانگ مۆندیال ماوە، بەڵام دەڵێن نرخەکەی زۆر بەرز دەبێتەوە و دەگاتە 100 دۆلار بۆ چوون بۆ یاریگەی میتلایف، کە هەشت یاریی مۆندیال لەخۆ دەگرێ.
ئەم بەزمە هەر لە نیویۆرک و نیوجێرسی نییە و لە شاری فۆکسبرۆ، کە دەکەوێتە دەرەوەی بۆستن، نرخی بلیتی شەمەندەفەر دەگاتە 80 دۆلار و پاسیش 95 دۆلارە، ئەو شارەش یاریگەی (جیلیت)ی لێیە و چەند یارییەکی مۆندیال میوانداریی دەکات.
وەک هاندەران باسی دەکەن لە مۆندیالەکانی روسیا و قەتەڕ هاتوچۆی هاندەران بە خۆڕایی بووە، ئەمریکاش رێککەوتنی لەگەڵ فیفا کردووە و بەڵێنی دابوو هەمان خزمەتگوزاری پێشکەشی هاندەران بکات لە مۆندیال، بەڵام وادیارە پەشیمان بووەتەوە و ئیتر دەیانەوێت مۆندیال بقۆزنەوە بۆ زۆرترین داهات.
تا دوو مانگی دیکە کێشەکانی دیکەی مۆندیال لە ئەمریکا زۆرتر دەرکەون، با بزانین چیتر بەڕێوەیە!