"ئەگەر سوور دەزانی دوای دەنگدان دەمریت، هەر بڕۆ دەنگ بدە"
تڕەمپ لە ویلایەتی ئایۆوا زەنگی بردنەوەی لێدا
موحسین عومەر
دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە یەکەم کێبڕکێیدا لە پێشبڕکێی جەماوەریی لە ویلایەتی ئایۆوا دەنگی زۆرینەی بەدەستهێنا.
رۆژی دووشەممە 16.1.2024 تڕەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ویلایەتی ئایۆوا، بەپێی پێشبینییەکان 48%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، هەریەک لە رکابەرەکانیشی نیکی هەیڵی 20% و رۆنی دیسانتیس 16%ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، تڕەمپ لێدوانێکی توندی دا و وتی: بۆ ئەوەی ئەمریکا لەدەست جۆو بایدنی فێڵباز بپارێزن، سەرەتا پێویستە دەنگ بدەن. تەنانەت ئەگەر زانیتان دوای دەنگدان دەمرن، پێویستە بڕۆن دەنگەکە بدەن.
رۆژی 5.11.2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و لە ئێستاوە هەڵمەتی هەڵبژاردنیان دەستپێکردووە و هەریەک لە بەربژێرەکانی کۆمارییەکان و دیموکراتییەکان دەیانەوێت سەرنجی دەنگدەران بەلای خۆیاندا رابکێشن، تا ئێستاش لەرووی جەماوەرییەوە تڕەمپ کاندیدێکی بەهێزە.