لە گۆپتەپە
پێنج مەلەوانی خۆبەخش تیمێکی مەلەوانیان پێکهێناوە
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
پێنج گەنجی مەلەوانی گوندی گۆپتەپە تیمێکی مەلەوانیان پێکهێناوە لە پێناو سەلامەتی گیانی گەشتیاران.
گوندی گوپتەپەو هاوسێ گوندەکانی دەکەونە سەرزێی بچوک ساڵانە لەوەرزی بەهار و هاوین گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن.
تیمە مەلەوانیەکەی گوندی گۆپتەپە ناوی تیمی مەلەوانی خۆبەخشی گۆپتەپەی شەهیدە.
ئەندامانی تیمە مەلەوانیەکە دەڵێن، “دەتوانین لەناوچەکە و ناوچەکانی دیکەش هاوکاری تیمە حکومیەکان بین لەدۆزینەوی تەرمی ئەو هاوڵاتیانەی ساڵانە دەخنکێن”.
شڤان گۆپتەپەیی یەکێک لە مەلەوانزانەکانی تیمی مەلەوانی خۆبەخشی گۆپتەپەی شەهید بە 964وت، ” ئێمە پێنج گەنجی خۆبەخشین ئێستا تیمەکەمان و پێداویستی تیمەکەمان لەبەلەم و جل و بەرگ و پێداویستی حازرە و لەگەڵ دەستپێکی بەهار و هاتنی گشتیار بۆ ناوچەکەمان لە رۆژانی پێنج شەممە، هەینی و شەممە لەسنوری ئاوی گوندی گۆپتەپە و گوندی بۆگد چاودێری گەشتیاراندەکەن و لە خزمەتی هەموانداین”.
وتیشی، تەواوی پێداویستی تیمەکەیان لەلایەن چەند خێرخوازێکەوە بۆ دابینکراوە و هیچ رێکخراو و حزب و کەسێک لەپشتیان نییەو بەخۆبەخشی ئەو کارە دەکەن، لەگەڵ، بە هاتنی وەرزی بەهار مانگانە بە نزیکەیی 100 بۆ 120هەزاریان پێویستە بۆ کڕینی بەنزین ئەو پارەیەش لەگیرفانی خۆیان دابین دەکەن.
عەمید لوقمان حەسەن بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی چەمچەماڵ بە 964ـی وت، ئەوان هیچ هەماهەنگییەکیان نییە لەگەڵ ئەو تیمە و هیچ خولێکیان نەبینیوە، لە کاتێکدا پێویستە خول ببینن و شارەزا بن بۆ ئەوەی خۆشیان تووشی رووداوی خنکان نەبن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی