بەنداوى گۆمەسپان پێش ئەوەى رێگاکە دابپۆشێت وینە: پەڕەى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە
40 سانتیم ئاو لەسەر جادەکەیە
چاوەڕێ مەبن تا هاوین لە رێگاى گۆمەسپانەوە بێنە هەولێر
964+
وریا فەتاح
دواى پڕبوونى بەنداوى گۆمەسپان، 40 سانتیم ئاو لەسەر رێگاى هاتووچۆى نێوان رانیە بۆ هەولێر دروست بووە، رێگاوبانى هەولێریش دەڵێت: چاوەڕێ مەبن لە زستاندا بەو رێگەیەدا بێنە هەولێر.
یونس واحید، ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتى چاککردن و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر بە 964ى وت،”تا ئێستا هاتووچۆ لە رێگاى بەنداوى گۆمەسپانەوە ئاسایى نەبووەتەوە، ئەگەر بارانیش بووەستێت لە وەرزى زستاندا رێگەکە ناکرێتەوە”.
40 سانتیم ئاو رێگاکەى داپۆشیووە، بە وتەى ئەو ئەندازیارە، بەنداوەکە پڕ بووە و شوێنى دەرچەى بەنداوەکەش 40 سانتیم لە رێگاکە بەرزترە، بۆیە ئەگەر بارانیش نەبارێت ئەو 40 سانتیم ئاوە لەسەر رێگاکە دەمێنێت.
“تازە زەحمەتە لە زستاندا ئەو رێگەیە بۆ هاتووچۆى ئۆتۆمبێل ئاسایى ببێتەوە، مەگەر لە هاویندا ئاستى ئاوەکە کەم ببێتەوە ئەوکات ئاو رێگەکە چۆڵ بکات و هاتوچۆ ئاسایى ببێتەوە، بەڵام لە هەموو بارێکدا تازە زەحمەتە لە زستاندا رێگاکە بکرێتەوە”، ئەو ئەندازیارەى بەڕێوەبەرایەتى چاککردن و پاراستنى رێگاوبانى هەولێر واى بە 964 وت.
ئێوارەى رۆژى 13.1.2024، بەهۆى بەرزبونەوەى ئاستى ئاوى بەنداوى گۆمەسپان، ئاو رێگاى هاتوچۆى نێوان رانیە بۆ هەولێرى داپۆشى، هەرچەندە سەرەتا واخرایەڕوو کە داخستنى رێگاکە کاتییە، بەڵام ئەوەى 964 پێى گەیشتووە، لە زستاندا رێگاکە ناکرێتەوە.