بە عەرەبی و فارسیش بڵاوکراوەتەوە

چاپی سێیەمی رۆمانی “داگیرکردنی تاریکی” بڵاودەکرێتەوە

964+

پێشەوا محەمەد

چاپی سێیەمی رۆمانی “داگیرکردنی تاریکی” رۆماننووس بەختیار عەلی لە لایەن ناوەندی رۆشنبیریی رەهەندەوە بڵاودەکرێتەوە.

رۆمانەکە ساڵی 2020 بڵاوکراوەتەوە و شانۆی رووداوەکان تورکیایە و کاتی روودانی بەشی هەرە زۆری پێشهاتەکانیش، ساڵانی 1945 بۆ 1970ـیە، واتە سەردەمی دوای جەنگی جیهانیی دووەم تا دەگاتە سەر کۆدێتا سەربازییەکەی کەنعان ئیفرین.

ئارام سدقی، بەڕێوەبەری ناوەندی رۆشنبیریی رەهەند بە 964ـی راگەیاند، کتێبەکە ئێستا لە چاپخانەیە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا بڵاودەکرێتەوە.

دەشڵێت، وەک هەردوو چاپەکەی تری رۆمانەکە هاردکەڤەرە و هەوڵیان داوە دیزاینێکی تایبەتتری بۆ بکرێت.

داگیرکردنی تاریکی 10ـیەمین رۆمانی نووسەر و رۆمانووسی کورد بەختیار عەلییە و بە زمانی فارسی و عەرەبی و شێوەزاری کرمانجیش بڵاوبووەتەوە.

بەختیار عەلی، نووسەری رۆمانەکە دەربارەی رۆمانەکەی لە چاوپێکەوتنێکیدا وتوویەتی، “ئێمە هەموو دەزانین زمانی کوردی لە تورکیا قەدەغە بووە، بەڵام هەمووان زۆر بێبەها و بێدەنگ و بێ هیچ پەرچەکردارێکی گەورە بەلای ئەو ستەمەدا تێپەڕیوین. ئاخۆ شتێکی سەیر نییە میللەتێک زیاد لە 70 ساڵ بە رەسمی زمانەکەی و بوونی قەدەغە بکرێت، کەچی شتێکی ئەوتۆی لەسەر ئەو مێژووە نەنووسیبێت؟”.

دەشڵێت، “ئەوەی شتێکی گەورەمان لەسەر مێژووی بێدەنگکردنی مرۆڤی کورد نەنووسیوە، هەمیشە بارێکی ئەخلاقی و رۆحیی گەورە بووە لەسەر شانم. من بەر لە نووسینی رۆمانەکە زۆر لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا ژیام و چەند ساڵێکی زۆر ئامادەکاریم کرد”.

ئەو نووسەرە لە هەمان چاوپێکەوتندا باس لەوە دەکات، تێکستەکە هەوڵێکە دژی بیرچوونەوە، هەوڵێکە بۆ تێڕوانین لە خود لە رێگەی تێڕوانین لە کارەکتەری کۆڵۆنیالیستەوە و هەوڵێکە نبۆ ناسینی ئەوی دی داگیرکەر.

بەختیار عەلی سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی هیڵدا دۆمین بۆ...

بەختیار عەلی سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی هیڵدا دۆمین بۆ 964 دەدوێت