کێ سکاڵاى لەسەرى هەیە؟
ئەو کەسەى لە رێگەى پەیجێکەوە هەڕەشەى لە ژنان دەکرد دەستگیرکرا
964+
وریا فەتاح
ئاسایشى خەلیفان ئەو کەسەیان دەستگیرکرد کە لە رێگەى تۆڕى کۆمەڵایەتییەوە هەڕەشەى لە ژنان دەکرد، بەڕێوەبەرى ئاسایشى خەلیفانیش لە رێگەى 964ـەوە داوا دەکات، هەر کەسێک سکاڵاى هەیە بێت تۆمارى بکات.
ئاسایشى سۆران لە راگەیەنراوێکدا بڵاوى کردەوە، دواى ئەوەى لە 25.12.2023، چەندین سکاڵا لەلایەن هاوڵاتییانەوە لەسەر کەسێک تۆمارکرا کە لە تۆڕى کۆمەڵایەتییەکانەوە بەناوى (Hama Barzani)، هەڕەشەى بڵاوکلادنەوەى وێنە و ڤیدیۆى لە ژنان کردبوو ئەگەر پارەى پێنەدەن.
زەکى ئەرگوشى، بەڕێوەبەرى ئاسایشى خەلفان بە 964ى وت،”دواى بەدواداچوون بۆ تۆمەتبارەکە، دوێنێ 13.1.2024، لەسەر فەرمانى دادوەر و بەپێى مادەى 2ى یاساى خراپ بەکارهێنانى ئامێرەکانى پەیوەندى، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى خەلیفان بە هەماهەنگى ئاسایشى هەولێر، توانرا هاوڵاتى (م.ر.ح)، دانیشتوى هەولێر، دەستگیر بکرێت”.
وەک ئەوەى لە راگەیەنراوەکەدا باسکراوە، تۆمەتبارەکە دانیناوە بە تاوانەکەدا کە خاوەنى چەندین پەیج بووە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و بۆ هەڕەشەکردن لە ژنان لە بەرامبەر پێدانى پارە، بەکارى هێناوە.
بەڕێوەبەرى ئاسایشى خەلیفا، داواش دەکات هەرکەسێک سکاڵاى لەسەر تۆمەتبارەکە هەیە، با سەردانى ئاسایشى خەلیفان بکات و سکاڵا تۆمار بکات.
“گرنگە هەر ژنێک یان کەسێک لە رێگەى تۆڕى کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەى لێدەکرێت، بێ دودڵى سکاڵا تۆمار بکات و دەزگا ئەمنییەکان دەیدۆزنەوە”، زەکى ئەرگوشى واى بە 964 وت.