دەستگیرکردنى چوار تۆمەتبارى دزیکردن لە گەرمیان
کەلوپەلى جوانکاریان دزیوە
چوار تۆمەتبار لەسەر دزیکردن دەستگیرکران
وریا فەتاح
پۆلیسى گەرمیان، دەستگیرکردنى چوار تۆمەتبارى راگەیاند کە سەرجەمیان ژنن و لە دوکانێکى کەلوپەلى جوانکارى دزیان کردووە.
بەپێى راگەیەندراوى پۆلیس، دوای ئەوەی خاوەنی دوکانێکی جوانکاری خانمان لە شاری کەلار، سکاڵایەکی لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان تۆمار کرد سەبارەت بە دزینی ژمارەیەکی زۆر لە کەلوپەلی جوانکاری لە دوکانەکەی، تیمی لێکۆڵینەوەی بەشەکە دەستی بە هەنگاوەکانی لێکۆڵینەوە کرد.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکاندا، چوار تۆمەتباری ژن دەستگیر کران. وەک ئەوەى پۆلیس دەڵێت: تۆمەتباران لە ماوەی لێپرسینەوەدا، لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە. ئێستاش بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 443ی یاسای سزادانی عێراقی، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رێکارە یاساییەکان لەم بارەیەوە بەردەوامن.