ناوی "دڵێک بۆ کرێ"ـیە
ئارام کاکەی فەلاح باسی نوێترین رۆمانی بۆ 964 دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
“دڵێک بۆ کرێ” نوێترین رۆمانی ئارام کاکەی فەلاحی نووسەرە، کە بڕیار وایە ناوەندی رەهەند بڵاوی بکاتەوە و نووسەر خۆی دەڵێت، رۆمانەکە بەشی دووەمی رۆمانێکی دیکەیەتی.
نووسەر ساڵی 2015 رۆمانی “سیزیف، ئەو کوڕەی دوو دڵی هەیە”ـی بڵاوکردەوە، وەک خۆی ئاماژەی پێدەدات، ئەو رۆمانە بەشی دووەمیەتی، “بەڵام وەک رۆمانێکی سەربەخۆش دەخوێندرێتەوە و کێشە بۆ خوێنەرێک دروستناکات رۆمانی یەکەمی نەخوێندبێتەوە”.
ئارام کاکەی فەلاح، نووسەر و رۆماننووس بە 964ـی راگەیاند، رۆمانەکە بە قووڵی باسی ھاوڕێیەتی، مرۆڤبوون، بەخشین، غوربەت و سەفەر و نووسین دەکات بە تێکەڵکردنێکی زۆر وردی ئەفسانە و حیکایەت بە واقیع، تێکەڵبوونی فرمێسک و قاقای پێکەنین، تێکەڵکردنی کۆمەڵێک تەکنیکی جیاواز ھەر وەک تێکەڵکردنی کۆمەڵێک مادە و شلەمەنی لە لابوورێکدا بۆ دروستکردنی ئاوێتەیەکی تازە و نەبیندراو.
نووسەر دەشڵێت، “ھەموو ئەمانە سەفەرێک بە خوێنەر دەکەن. ئەم رۆمانە رووی دەمی لە خوێنەرێکی تاقانەیە، ھەموو ئەوانەی ئەم رۆمانە دەخوێننەوە ھەست دەکەن ئەو خوێنەرە تاقانەیەن و ھەست بە تاقانەیی خۆیان دەکەن”.
ئارام کاکەی فەلاح، کوڕی کاکەی فەلاحی شاعیرە و لەدایکبووی ساڵی 1963ـیە. لە ساڵی هەشتاکانەوە دەنووسێت و زیاتر لە هەشت کۆمەڵە چیرۆک و چوار رۆمان و چەندان بەرهەمی دیکەی هەیە.
نووسەر لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە.