چۆن دەرمانەکان هەڵبگرین؟

دەزگای کۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێمی کوردستان هەشت رێنمایی بڵاوکردەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

دەزگای کۆنترۆڵ و هێنانی دەرمان (KMCA) لە هەرێمی کوردستان، رێنمایی بۆ چۆنیەتی هەڵگرتنی دەرمان لە ماڵاندا بڵاوکردەوە، داواش دەکات قەترە دوای چوار هەفتە و شروب دوای دوو هەفتە لە بەکارهێنن، فڕێ بدرێن.

بە قسەی دەزگاکە، هەر دەرمانێک شێوازێکی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ پاراستن لە ماڵەوە، باشتر وایە لە کاتی کڕینی دەرمان رێنمایی وەربگیردرێت لە پزیشکی دەرمانساز، لەسەر شێوازی هەڵگرتنی دەرمانەکە، هەروەک پێش بەکارهێنانی هەر دەرمانێک لە ماڵەوە پشکنینی ماوە بەسەرچوونی دەرمانەکە بکرێت و نامیلکەکەی بخوێندرێتەوە.

رێنماییەکان کە لە پێگەی فەڕمی خۆی بڵاویکردووەتەوە؛
– دەرمانەکانت لە ناو بۆکسێکی تایبەت هەڵبگرە، کەوا منداڵ دەستیان پێ نەگات.
– پێویستە دەرمانەکانت لە پاکەتی خۆیاندا، لە شوێنی وشک و فێنک، دوور لە گەرما و تیشکی خۆر و رووناکی و ناوچەی تەڕ و شێدار هەڵبگریت.
– زۆربەی دەرمانەکان پێویستە لە پلەی گەرمی 15 بۆ 30 سیلیزی هەڵبگیرێن.
– بەشی زۆری شروب و گیراوەکان دوای دوو هەفتە لە ھەڵپچڕین، دەبێت فڕێبدرێن.
– قەترەی چاو دوای چوار هەفتە لە کرانەوە دەبێت فڕێ بدرێت.
– ئەو قوتووانەی لۆکە لەسەر حەبەکان دانراوە، دوای کرانەوە پێویستە پارچە لۆکەکە فڕێبدرێت.
– دەرزی ئەنسۆلین و هۆرمۆنەکان و هەندێک دەرزی تایبەت و قەترەی چاو، دەبێت لە ناو دەرگای ساردکەرەوە هەڵبگیرێن (2-8 پلەی سیلیزی).
– لە نیشانە باوەکانی خراپبوونی دەرمان بریتین، لە تێکچوونی رەنگ و شێوە، دروستبوونی نیشتوو لە شرووب و گیراوەکان، یاخود دروستبوونی بۆنێکی ناخۆش یان لەتبوون و ووردبوونی حەب.