مریشکێک بکڕە و کتێبێک بە دیاری وەربگرە

964+
ئاودێر عومەر – هەولێر

لەناو یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی هاوڵاتیەک لەناو ماڵەکەی خۆی دوکانێکی مریشکفرۆشتنی هەیە و کتێبخانەیەکیشی لە دوکانەکەی داناوە، بە بێ بەرامبەر کتێبەکانی دەبەخشێت، هەر هاوڵاتییەک بچێت بۆ لای دەتوانێت کتێبێک ببات بۆ خۆی.

ئەکرەم رەحیم، خاوەنی دوکانەکەیە و بە 964+ی وت “14 ساڵە مریشک دەفرۆشم بۆ ماوەی مانگێکە کتێبخانەیەکی بچکۆلەم داناوە، کتێب دەبەخشم بەو کەسانەی دێن بۆ لامان، کتێبەکان هەمەجۆرن، چیرۆک و دیوانی شیعری و پەروەردەی منداڵانی لەخۆگرتووە، بەشێکی زۆری کتێبەکان پێشتر خۆم کڕیومن و هەندێکیشیان هاوڕێکانم و بەخشەرەکانی کتێب بۆم دەنێرن”.

964+ سەیری کتێبخانەکەی کرد، لە ئێستادا نزیکەی هەزار کتێب ئامادەکرابوون بۆ بەخشین.

ئەکرەم دەڵێت “خۆم زۆر دەخوێنمەوە، حەزی خوێندنەوەی کتێب وایلێکردووم ئەم پرۆژەیە دابنێم بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بتوانێت کتێب بخوێنێتەوە، هاوڵاتیەکی زۆر دەستخۆشیان لێکردووم و دەمەوێت ئەم پڕۆژەیە گەورەتر بکەم و ئیشەڵا بەردەوامیش دەبم”.

محەمەد ئەحمەد، هاوڵاتییەکە هاتبوو بۆ کڕینی مریشک، لە کتێبخانەکە نزیک بووەوە و سەرقاڵی خوێندنەوەی ناونیشانی کتێبەکان بوو، وەک تیمی 964+ لێمان پرسی ئەم پرۆژەیەت بەلاوە چۆنە، وتی “جێگەی دەستخۆشییە لە شوێنێکی مریشکفرۆشتن کتێبخانەیەک دانێیت، سود بە منداڵانیش دەگەیەنێت”.

مەریوان مەحموود، هاوڵاتییەکی دیکەیە، ماوەی ساڵێکە لە دوکانەکەی ئەکرەم مریشک دەکڕێت، باسی لەوەکرد “سەرەتا ئەو کتێبخانەیەم بینی وتم دەتوانم کتێبێک ببەم و بیخوێنمەوە و دواتر بۆت بگەڕێنمەوە، ئەویش وتی دەتوانی هەر نەیگەڕێنیتەوە و بیبەی بۆ خۆت، بۆیە من دەستخۆشی لێدەکەم”.