بناغەی نەخۆشخانەیەک نۆ ساڵە نۆ پاچی لێنەدراوە

میدیازان – سەعید محەمەد – خەبات

بەردی بناغەی نەخۆشخانەکە بە شکاوی – میدیازان

بەهاری 2013، یانی نۆ ساڵ لەمەوبەر، بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی لە قەزای خەبات دانرا، بەڵام تاوەکو ئێستاش دەست بە جێبەجێکردنی نەکراوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەکەی داناوە.

دکتۆر هێرش سەعید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی خەبات بۆ میدیازانی باسکرد، کاتی خۆی، پرۆژەی ئەو نەخۆشخانەیە بە گوژمەی 15 ملیۆن دۆلار دەرچووە، بڕیاربوو لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەردەنی بەناوی “مۆرهیج” جێبەجێ بکرێت.

دکتۆر هێرش وتی، دوای گرێبەست، دەبوایە دوو ملیار دینار بۆ کۆمپانیاکە خەرجبکرایە، بەڵام قەیرانی دارایی هاتە پێشەوە و ئەوە نەکرا، کۆمپانیاکەش دەستبەکار نەبوو.

میدیازان دەزانێت، لە 2013، ئەو کۆمپانیا ئەردەنیە بارگە و بنەی لە نزیک بەردی بناغەکە خستبوو، دواتر کە کارەکان جێبەجێ نەبوون، کۆیکردەوە و لەوێ رۆیشت.

بەڕێوەبەرەکەی تەندروستی خەبات پێیوابوو گرفتێکی ئەوتۆ نییە لە تەندروستی قەزاکەیدا، ئەو ئاماژەی بەوە کرد، “40 یەکە و بنکەی تەندورستی هەن لە خەبات، لەناویاندا بنکەی تەندروستی ساڕێژ کە 24 کاتژمێر پێشوازی لە هاوڵاتیانی سنورەکە دەکات”.

سەبارەت بە داهاتووی ئەو نەخۆشخانەیە کە بەردی بناغەی بۆ دانراوە، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی خەبات جەختدەکاتەوە ئەوان لە هەوڵدان نەوەستاون و دەشڵێن، “کاری لەپێشینەی وەزارەتی تەندروستییە ئەگەر پارە هەبێت، چونکە لە ئێستادا تێچووەکەی زۆرە و لە بەردەستی وەزارەتدا نییە نەخۆشخانەکە تەواو بکات”.