لە کەلار غازی ماڵان بووە بە قاتی
964+
هونەر فارس – کەلار
لە سەری ساڵەوە غاز نەگەشتووەتە بەشێک لە گەڕەکەکانی کەلار و بەتەکلیفیش دەست ناکەوێت.
غازی ماڵان لە قەزای کەلاری سەنتەری ئیدارەی گەرمیان، نرخەکەی لەنێوان حەوت هەزار و ٥٠٠ بۆ هەشت هەزار دینارە، بەڵام بەهۆی دابەش نەکردنییەوە پێنج هەزار دینار چۆتەسەر نرخەکەی و ئێستا بە ١٣ هەزار دینارەو هاوڵاتییانیش ناچارن بەهۆی دەستنەکەوتنی غازەوە، لە بەنزینخانەکان بوتڵی غازەکانیان پڕدەکەن.
ئارام عەبدوڵا، هاوڵاتییەکی شاری کەلارە و باس لەوەدەکات کە نزیکەی ١٥ رۆژە کیای دابەشکاری غازی حکومی نەدیوە، دەڵێ: بەناچاری لە بەنزینخانە لیتری غازم بە ٦٥٠ دینار کڕیووە.
عەلی حەمید، هاوڵاتییە و بە 964+ی وت “تەواو بێزار بووین بەدەست بێ غازییەوە، ماوەی هەفتەیەکە کیای غاز بە کۆڵانەکەماندا نەهاتووە”.
بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەسەر کێشەی کەمی غازی، پەیامنێری 964+ پەیوەندی بە یادگار فەتاح، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیان کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.