عێراق بۆ تورکیا زیادى کردووە

هەناردەى تورکیا بۆ عێراق کەمى کردووە

964+

وریا فەتاح

هەناردەی تورکیا بۆ عێراق تا مانگی تشرینی دووەمی 2023 بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2022 بە رێژەی 9% کەمی کردووە، لە بەرامبەریشدا هەناردەی عێراق بۆ تورکیا تا تشرینی دووەمی 2023 بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2022 بە رێژەی 2.5% زیادی کردووە.

بەپێى داتاکانى دەستەى ئامارى تورکیا، هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ماوەی 11 مانگی ساڵی 2023 زیاتر لە 11 ملیار و 534 ملیار دۆلار بووە، بەڵام لە هەمان ماوەى ساڵى 2022دا، 12.6 ملیار دۆلار بووە و بۆ تێکڕاى ساڵەکەش 13 ملیار و 750 ملیۆن دۆلار بووە، بەمەش لە 2023دا، هەناردەى تورکیا بۆ عێراق بە رێژەى 9% کەمى کردووە.

لەلایەکی دیکەوە هەناردەی عێراق بۆ تورکیا لە ماوەی 11 مانگی ساڵی 2023 زیاتر لە یەک ملیار و 364 ملیار دۆلار بووە، ئەوەش بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2022 بە ڕێژەی 2.5% زیادی کردووە، کە تێیدا هەناردەی عێراق بۆ تورکیا یەک ملیار و 332 ملیۆن دۆلار بووە.

بە وردبونەوە لەو ژمارانە، کۆى بازرگانی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ماوەی 11 مانگی ساڵی 2023، نزیکەی 12.9 ملیار دۆلار بووە.

هاوسەنگی بازرگانیش بەڕێژەی 89% مەیلى بۆ تورکیا هەبووە، لە بەرامبەردا تەنیا 11% لە بەرژەوەندی عێراق بووە، بە واتایەکی تر تورکیا لە ماوەی ساڵی 2023دا هەشت هێندەی هاوردەی عێراق هەناردەی بۆ عێراق هەبووە.

بەپێى ئامارەکەى دەستەى ئامارى تورکیا، عێراق پلەى سێیەمى گرتووە لە هاووردەکارانى کاڵاى تورکیا، ئەڵمانیاش بە 19 ملیار دۆلار پلەى یەکەمى گرتووە و لە پلەى دووەمیش ئەمەریکا دەبینرێت بە نزیکەى 14 ملیار دۆلار.