ژمارەیەک پەنابەر لە ئاوارەکانی تورکیا رزگارکراون _ وێنە: BI
لە تورکیا چی دەگوزەرێ؟
بەم سەرما و سۆڵەیە پەنابەران واز لە ئامانجەکەیان ناهێنن
ئەحمەد مستەفا
شارەکان پڕ باران، دەریاکان سارد و دەشتەکان تەمێکی چرە، کەچی هێشتا ئەوانەی تورکیا وەک دەروازەی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا دەبینن، دەستیان لە ئامانجەکەیان هەڵنەگرتووە.
لە سەرەتای ساڵی نوێی 2024 وە لە ماوەی چوار رۆژدا لە تورکیا، 316 پەنابەر دەستگیرکراون و 477 پەنابەر لە ئاوەکان رزگارکراون.
هیوا خدر، نوێنەری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەران لە تورکیا بە 964ی وت، لە پێنج ناوچەی تورکیا و لە هەریەک لە ناوچەکانی (ئەزمیز، موغەڵا، چەنەککاڵێ، باڵکسیر و ئایدن) سەرجەم پەنابەرەکان دەستگیر کراون، هاوکات ژمارەیەکی زۆری پەنابەر لە ئاوەکانی تورکیا لەلایەن پۆلیسەوە رزگارکراون.
بە وتەی هیوا خدر، بەشێک لە پەنابەرەکان دەیانەوێت راستەوخۆ بە بەکارهێنانی بەلەمی چارۆکەدار، پەنابەران بەرەو ئیتالیا ببەن، لە دۆخێکی لەوجۆرەدا دەریاکان سارد و شەپۆلی بەردەوام ئاو هەیە و ئاسان نییە، هاوکات یۆنانیش بەردەوام پەنابەر دیپۆرتی تورکیا دەکاتەوە و پەنجەمۆریان پێ دەکات.
پەنابەرەکان لە هەریەک لە وڵاتەکانی، سوریا، عێراق، وڵاتانی ئەفریقا و باشووری سودانەوە دەچنە تورکیا، هاوکات ژمارەیەکی دیکەیان دانیشووی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.