فەرماندەى پۆلیسى کەرکوک وادەڵیت
“لەماوەى 10 خولەکى تردا هیچ هێزێکى ئەمنى لەگەڕەکی نەورۆزی کەرکوک نامێنێت”
964+
وریا فەتاح
ماوەى سێ رۆژە هێزەکانى فرقەى هەشتى سوپاى عێراق لەناو بەشێک لە ماڵەکانى گەرەکى نەورۆز کە خاوەنداریتیان بۆ وەزارەتى بەرگرى دەگەڕێتەوە جێگیر بون و بەو هۆیەوە گرژى لە نێوان دانیشتوانى گەڕەکەکە و بەشیک لە هێزە ئەمنییەکان رویدا.
کێشەکە لێرەوە سەرچاوەى گرت، رۆژى سێشەممە، هێزێکى فرقەى 12ى سوپاى عێراق گەیشتە گەڕەگى نەورۆزى کەرکوک و داوایان لە خەڵکەکە کرد ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، 964 لە رێگەى سەرچاوەکانییەوە زانیویەتى،”هێزەکە لەناو چەند ماڵێک جێگر بوون”، بەڵام ئەمشەو کاتێک خاوەنى یەکێک لە ماڵەکان دێتەوە، دەستگیرى دەکەن.
دواتر دانیشتوانى گەڕەکەکە، بۆ بەرگریکردن لە دراوسێکەیان، خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و لەبەردەم ماڵى ئەو کەسە کۆبوونەوە کە دەستگیرکرابوو.
خۆپیشاندانەکە لیوا کاوە غەریب، فەرماندەى پۆلیسى کەرکوکى گەیاندە گەڕەکەکە و لەوێ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە ماوەى 10 خولەکى داهاتودا سوپاى عێراق دەکشێتەوە و کێشەکە چارەسەر بووە و هیچ هێزێکى سەربازى لێرە نامێنێت و ئەو کەسانەشى دەستگیرکراون، ئازاد بوون.
بەپێى زانیارییەکانى 964، خاوەنى ماڵەکە و سێ کەسى تر کە دەستگیرکرابوون، دواى خۆپیشاندانەکە ئازاد کران و دانیشتوانى گەڕەکەکەش خۆپیشاندانەکەیان کۆتایى پێهێنا.
گەڕەکى نەورۆز دەکەوێتە شارى کەرکوک و نزیکەى 150 ماڵى کوردى لێیە، لە دواى پرۆسەى ئازادى عێراق و بە سوود وەرگرتن لە یاساى بریمەر کوردەکان چوونە ناو ئەو خانوانەى گەڕەکەکە کە پێشتر هی ئەفسەرانى باڵاى رژێمى پێشوو بوون.