ساڵی رابردوو

نزیکەی 70 هەزار یەکەی خوێن لە هەولێر دابینکراوە

964+

ژووری هەواڵ

لە ساڵی رابردوودا، بانکی خوێنی هەولێر نزیکەی 70 هەزار یەکەی خوێنی وەرگرتووە، کە نزیکەی نیوەی ئەو بڕە لەلایەن هاوڵاتیانی خۆبەخشەوە دابینکراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 1.1.2024، بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێنی هەولێر رایگەیاند، کۆی گشتی یەکەی خوێنی وەرگیراو بۆ ساڵی 2023 بریتی بوو لە 68 هەزار و 639 یەکەی خوێن، لەو ژمارەیە 32 هەزار و 219 کە دەکاتە 46.9% لە جۆری بەخشین و 36 هەزار و 420 کە دەکاتە 53.1% لە جۆری لەجیاتی دانان بووە.

لە کۆی گشتی خوێنی وەرگیراو، 543 یەکەی لە خوێنبەخشی رەگەزی مێ وەرگیراوە کە دەکاتە 0.78%.

“بۆ دابین کردنی ئەو ژمارەیە لە یەکەی خوێن، بانکی خوێن 25 هەڵمەتی خوێن بەخشینی ئەنجامداوە کە 15 هەڵمەت لە بانکی خوێن و 10 هەڵمەت، تیمی گەرۆکی وەرگرتنی خوێن ئەنجامی داوە”، بانکی خوێنی هەولێر وا دەڵێت.

بانکی خوێنی هەولێر، نزیکەی 140 هەزار یەکەی پێکهاتەی خوێنی بۆ 60 نەخۆشخانەی سنوری پارێزگاکە دابینکردووە، کە 36.0%ـیان بۆ نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت بووە و 63.7% بۆ نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتی بووە.

توشبووانی شێرپەنجەش لە نەخۆشخانەکانی نانەکەلی، رزگاری و سەنتەری گرێ و شێرپەنجە، بڕی 29 هەزار 499 یەکەی خوێنیان بۆ دابینکراوە.

“بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا، بانکی خوێن بڕی 13414 یەکەی خڕۆکەی سوور PRBC کە دەکاتە 18% بۆ سەنتەری نەخۆشی تالاسیمیا دابین کردووە”، بانکی خوێنی هەولێر وا دەڵێت.

570 بتڵ خوێن لە سلێمانی بەخشراوە

570 بتڵ خوێن لە سلێمانی بەخشراوە