80 هەزار موچەخۆر هەن

یەکێتیی کەمئەندامانی سلێمانی: 40 هەزار کەس بێ موچەن

964+

ژووری هەواڵ

بە گوێرەی ئامارێک کە لەلایەن سکرتێری یەکێتیی کەمئەندامانی سلێمانی بڵاوکراوەتەوە، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە هیچ خاوەن پێداویستییەکی تایبەت بۆ لیستی موچە زیادنەکراوە و 40 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت چاوەڕێی بڕیارێکی حکومەتن بۆ ئەوەی بخرێنە لیستی موچەوە.

سامان حوسێن، سکرتێری یەکێتیی کەمئەندامان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ساڵی 2013ـەوە زیاتر لە 40 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت داوایان کردووە ناویان بۆ لیستی موچە زیاد بکرێت بەڵام تا ئێستا نەکراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی یەکێتییەکە، تا ئێستا تەنیا نزیکەی 80 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت ناویان لە لیستی موچەدا هەیە، ئەو ناوانەشی کە زیاد ناکرێن بەهۆی بڕیارێکی حکومەتەوە کە تۆمارکردنی ناوەکانی راگرتووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 31.12.2023، ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەو ئامارانەی بۆ 964 پشتراستکردەوە و وتی، هۆکاری نەبڕینەوەی موچە بۆ ئەو 40 هەزار خاوەنپێداویستە تایبەتە ئەوەیە “لە کابینەی پێشوو کەس موچەی بۆ نەبڕاوەتەوە، هۆکارێکی دیکەش گەندەڵی و قیرانی داراییە.”

ژمارەی ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن و لە لیستی موچەی هاوکاریی کۆمەڵایەتی موچەیان بۆ بڕاوەتەوە، نزیکەی 80 هەزار کەسن و زۆرترینی ئەو رێژەیە لە شاری هەولێرن.

بە گوێرەی دوایین ئامار، کە دەگەڕێتەوە بۆ مانگى ئایارى 2023، کۆى گشتیى ئەوانەی لە هەرێمى کوردستاندا وەک خاوەن پێداویستی تایبەت موچە وەردەگرن 77 هەزار و 65 کەسن، لەو ژمارەیە 71 هەزار و 303 کەسیان، خاوەن پێداویستی ئاسایین و پێنج هەزار و 762 کەسیان فەرمانبەرن.

لە هەرێمى کوردستاندا، زۆرترین ژمارەى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کەوتوونەتە پارێزگاى هەولێر کە ژمارەیان 23 هەزار و 357 کەسە، لە سلێمانیش 20 هەزار و 267 کەسە، پارێزگاى دهۆک پلەى سێیەمى گرتووە و 13 هەزار و 345 خاوەن پێداویستى تایبەت لەو پارێزگایەدا هەیە، لە هەڵەبجەش دوو هەزار و 427 کەمئەندام لە لیستى موچەدا تۆمارکراون.

زۆرترین ژمارەى خاوەن پێداویستى تایبەت لە سنووری پارێز...

زۆرترین ژمارەى خاوەن پێداویستى تایبەت لە سنووری پارێزگاى هەولێرە