وەک خۆیەتی

کاتژمێرێک دوای چونە ساڵی نوێوە کارەبا دەکوژێتەوە

964+

دیلان محەمەد جەزا

شەوی سەری ساڵ کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا هاوشێوەی شەوانی ئاسایی دەبێت، لەو گەڕەکانەی سەرەی کارەبای نیشتیمانیان نییە کاتژمێرێک دوای چوونە ساڵی نوێوە مۆلیدەکان دەکوژێنەوە.

سیروان محەمەد وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە 964ی وت، لە شەوی سەری ساڵدا پڕۆگرامی پێدانی کارەبا هاوشێوەی شەوانی ئاسایی دەبێت، لە شەو رۆژێکدا شەش کاتژمێر کارەبا دەدرێت بە هاوڵاتیان.

ناوبراو باسی لەوەکرد، لە کاتژمێر یەکی شەو کارەبای مۆلیدەکان دەکوژێتەوە، کارەبا هاوشێوەی بابەتی دیکە نییە کۆبکرێتەوە و بدرێت بە هاوڵاتیان.

لەسەر ئەم بابەتە وتی، “گەر کێشەی هونەری دروست نەبێت هاوشێوەی شەوانی ئاسایی کارەبا بە هاوڵاتیان دەدرێت، لەبەر ئەوەی دوکان و بازاڕ هەیە، کارەبای ئەوان ناگەڕێتەوە تا بدرێت بە ماڵەکان”.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم تیمەکانی چاکردنەوەی کارەبا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، ئەو تیمانەشی لە ماڵەوەن لە حاڵەتی پێویستدا دەهێنرێنەوە، بە تایبەت چاکسازی وێستگەکان و چاکسازی گواستنەوەی هێڵەکانی کارەبا.

لەو بارەیەوە هەڵکەوت محەمەد خاوەنی مۆلیدە بە 964ـی وت، بەرنامەی پێدانی کارەبای موەلیدە ئەهلیەکان لە 25.12 ەوە لەبەر ئەوەی پشووە تا 2.1.2024 کارکردنی مۆلیدەکان لە کاتژمێر 11 نیوەڕۆ بۆ کاتژمێر یەکی شەو دەبێت، لەو کاتانەی کارەبای نیشتمانی نییە.

ناوبراو باسی لەوەکرد، بەرنامەی کارپێکردنی مۆلیدەکان لەلایەن وەزارەتی کارەبا و لیژنەیەکی تایبەت بە موەلیدەکان لە قائیمقامیەتی سلێمانی دیاریدەکرێت، بەڵام بۆ ئەمشەو هیچ گۆڕانکاریەک لە پێدانی کارەبادا نەکراوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی