لە ساڵی 2023ـدا

تورکیا 930 هێرشی کردووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان

پێشەوا محەمەد

لە ساڵی 2023ـدا تورکیا 930 جار رۆژئاوای کوردستانی بۆردوومان کردووە، بەپێی ئامارێکی ئاژانسی نۆرس پرێس کە ئاژانسێکە تایبەتە بە هەواڵەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان، 78%ـی ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون شوێنی نیشتەجێبوون بوون.

بەشی چاودێری و بەڵگەکردنی ئاژانسەکە بڵاوی کردووەتەوە، لەو هێرشانەدا 711 ناوچەی نیشتەجێبوون، 53 ژێرخانی ئابووری، 52 شوێنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و 65 شوێنی هێزەکانی حکومەت کراونەتە ئامانج.

هەر بەپێی زانیارییەکان، بۆردوومانەکانی تورکیا 21 شوێنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و 24 دامەزراوەی پیشەسازی و چوار ناوەندی تەندروستیی گرتووەتەوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، ژێرخانی ئابووری و لە وانەش دامەزراوەی خزمەتگوزاری، تەندروستی، نەوت و وزە، ئامانجی هێرشەکانی تورکیا بوونە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، کە بووەتە هۆی بێبەشکردنی ملیۆنان کەس لەو خزمەتگوزارییانە.

“ژمارەی قوربانییەکان بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا گەیشتووەتە 368 کوژراو و بریندار کە 176 کەسیان مەدەنی بوون، هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی تورکیا نۆ ژن و پێنج منداڵ کوژراون، هەروەها 23 ژن و 18 منداڵ بریندار بوون”، ئەمەش بەپێی راپۆرتەکەی ئاژانسی نۆرس پرێس.