حاسڵاتی ئەم ئێوارەیە
شەڕی خان یونس سەختە و ئیسرائیل دەیەوێت لەگەڵ ساڵی نوێ ئامانجی نوێ بەدی بێنێت
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ بەرەی لوبنان – ئیسرائیل گرژی زیاتری بەخۆوە بینی، هەردوو لایەنی ئیسرائیل و حزبوڵا بە موشەک پەلاماری یەکتریاندا، حیزبوڵا دەڵێت چەند سەربازێکی ئیسرائیلی پێکاوە، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت چوار چەکداری حیزبوڵایان کوشتووە.
نوسینگەی میدیایی حکومەتەکەی غەزە دەڵێت: ئێستا لەکەرتی غەزە یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەس بەتەواوی بێ ماڵ و حاڵ بوون.
پنتاگۆن دەڵێت: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رازی بووە بە ئەنجامدانی گرێبەستێک بۆ ئەوەی ئەمریکا بە بڕی 147 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار چەک بە ئیسرائیل بفرۆشێت.
پزیشکێکی بەناوبانگی ئیسرائیلی لەنەخۆشخانەی (ئیخیلوف) لە تەلئەبیب بە رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی وتووە زۆربەی سەربازە ئیسرائیلییەکان کاتێک بە برینداری دەگەنە لای ئەوان برینەکانیان لە سنگیاندایەو جۆری کوشندەیە.
ئاژانسەکانی هەواڵ دەڵێن: شەڕەکەی خان یونس زۆر بە سەختی بەڕێوە دەچێت و ئیسرائیل هێزێکی زۆرتری بردووەتە ئەو نزیکانە، دەیەوێت پێش کۆتایی هەفتەی یەکەمی ساڵی داهاتوو ئامانجەکەی لەو شارە بهێنێتە دی.
کۆمەڵەی دیلەکانی فەلەستین رایگەیاند: ئەمڕۆ ئیسرائیل 14 کەسی دیکەی لە کەناری خۆرئاوا بە دیل گرتووە، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە لەو بەشەی فەلەستین بە دیلی گرتوون گەیشتە 4860 کەس.