خالید سلێمان مەترسی هێنانی ئەم جۆرە خشۆکانە ئاشکرا دەکات
964+
ژووری هەواڵ
خالید سلێمان رۆژنامەنووسێکی دیار و راهێنەرێکی بواری ژینگەییە، ئەمڕۆ لە فەیسبوکەکەی خۆی سەرنجێکی نوسیوە لەبارەی ڤیدیۆیەکی 964 کە تیادا کەسێک چەند جۆرە خشۆکێکی دەگمەنی هێناوەتە کوردستان و بەخێویان دەکات.
خالید سلێمان نوسیوێتی: هەڵەیەکی زۆر گەورەیە جۆری رووەک و گیانەوەری نامۆ لە شوێنی خۆیەوە بگوازرێتەوە بۆ شوێنی تر، چونکە ئەم بە زیانی گەورە بۆ کۆی سیستمی ژینگەیی و هەمە-جۆریی دەگەرێتەوە. دەبێ پێش ئەوەی هەر جۆرێک بخرێتە ناو سروشتی کوردستانەوە، لەلایەن زانکۆو دامەزراوە زانستییەکان، هەڵسەنگاندنی زانستیی تەواوی بۆ بکرێت و نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر پێکاتە سروشتی و خۆڕسکییەکانی سیستمی ژینگەیی لە کوردستاندا.
لەبەر گرنگی و بەپێزی سەنجەکە، لێرەدا وەک خۆی بڵاویدەکەینەوە:
سەرنجێکی کورت لەسەر بابەتێک لەسەر سایتی 964
خالد سلێمان
ساڵی 2020 لەبەر نوسینی سەرنجێک لەسەر دوبارەبونەوەی وێنەیەک لە دەیان جار زیاتر لەسەر سایتێک، خاوەن سایتەکەو سەرنوسەرەکەی لەسەر فەیسبوک بە یەکجارەکی بلۆکی کردم. بۆیە ئەم سەرنجەش بە حەزەرەوە دەنوسم و هیوادارم هاوڕێیانی سایتی 964+ بەدڵێکی گەورەوە وەری بگرن و مەبەستەکەش تەنها پێشخستنی لایەنێکی فەرامۆشکراوی میدیایەو هیچی تر، ئەویش زانستی ژینگەیە.
هەڵبەتە ناچاربووم ڤیدیۆکە داونلۆد بکەم و جارێکی تر بڵاوی بکەمەوە، ئەویش لەبەر ڕەچاوکردنی یاسایەکی نوێی کەنەدا کە چالاکی فەیسبوکی سنوردار کردوە. شێر نەکردنی بابەتەکەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە سایتی 964+ پەیوەستە بەم لایەنەوە.
سەرنجەکەی من لە ڕووی زانستی هەمە-جۆرییەوەیە کە لەناو میدیای کوردیدا کەم گرنگیی پێدەدرێت و لایەنێکی فەرامۆشکراوە.
وەک دەردەکەوێت ئەو بەڕێزەی کە ژمارەیەک خشۆکەو شیردەری بچووکی لە ماڵەکەی خۆیدا (زیندان) کردوە، تەنها وەک حەز ئەم گیانەوەرانەی لەماڵەکەی خۆیدا کۆکردوەتەوەو شتێک لەبارەی هەمە-جۆریی واتە، Biodiversity نازانێت. وەک دەبینین تەواوی گیانەوەرەکان لە دەرەوەی کوردستان و عیراقەوە هێنراون و جۆری ڕەسەنی ناو ژینگەی کوردستان نین. بەڵام ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام لە قسەکانیدا، ئەوەیە کە دەیەوێت وەچەکانی ئەم گیانەوەرانە لە کوردستاندا بڵاو بکاتەوە. سایتەکەش زۆر بە ئاسانی ئەم پەیامە دەگەیەنێتە خەڵک، وەک ئەوەی کارەکە زۆر ئاسایی بێت و هیچ دەرەنجامێکی نەبێت!
لەناو سیستمە ژینگەییەکان و هەمە-جۆریدا، جۆری نامۆی درەخت و گیانەوەر پێی دەوترێت (داگیرکەر) یان (خۆسەپێن) Invasive Species، واتە ئەو جۆرانەی لەبەر هەر هۆکارێک بێت لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانەوە گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی ترو بەشێک نین لە دانیشتوانی ڕەسەنی ڕووەک و گیانەوەرانی ناوچەکە. هەندێجار ئەو ڕووەکە نوێیە یان گیانەوەرەکە، بەرگەی ژینگە نوێیەکە ناگرێت و زوو لەناودەچێت، وەک چاندنی داربەڕوویەک لە بیابان یان داخورمایەک لە شوێنێکی سارددا، بەڵام زۆرجار دەبێتە جۆرێکی داگیرکەرو بەزیانێکی زۆر گەورە دەگەرێتەوە بۆ سەر کۆی سیستمی ژینگەیی و هەمە-جۆریی. بۆ نمونە ڕووەکێک کە ناوی (گوڵی نیل)ەو شوێنی خۆی ئەمریکای باشورە، لەسەر ڕووی ئاو نشونما دەکات و پەرە دەسێنێت، گوازراوەتەوە بۆ عیراق و ڕووبەرێکی زۆری ئاوەکانی باشوری داگیرکردوە. هەڕەشەیەکی زۆری لەسەر سامانی ماسی و تەنانەت کوالیتی ئاویش دروست کردوە، چونکە کە ڕووی ئاو دادەپۆشێت ئیتر ئۆکسجین و خۆراک لە گیانەوەرە ئاوییەکان دەبڕێت. یان جۆرێک لە قرژاڵ بەهۆی بازرگانی و جوڵەی پاپۆڕەوە خۆی خزاندوەتە ناو ئاوەکانی حەوزی دەریای سور و هەرەشەیەکی گەورە لەسەر گیانەوەرە ئاوییەکانی تر دروست کردوە.لێرەوە دەمەوێ بڵێم، هەڵەیەکی زۆر گەورەیە جۆری ڕووەک و گیانەوەری نامۆ لە شوێنی خۆیەوە بگوازرێتەوە بۆ شوێنی تر، چونکە ئەمە بە زیانی گەورە بۆ کۆی سیستمی ژینگەیی و هەمە-جۆریی دەگەرێتەوە، دەبێ پێش ئەوەی هەر جۆرێک بخرێتە ناو سروشتی کوردستانەوە، لەلایەن زانکۆو دامەزراوە زانستییەکان، هەڵسەنگاندنی زانستیی تەواوی بۆ بکرێت و نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر پێهکاتە سروشتی و خۆڕسکییەکانی سیستمی ژینگەیی لە کوردستاندا.
ئەمڕۆ لە ئاستی جیهاندا، جۆری (خۆسەپێن) بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر کۆی هەمە-جۆریی دادەنرێت، بۆیە ناکرێت کەسێکی ناشارەزا، بەبێ هیچ هەڵسەنگاندن و بنەمایەکی زانستی، خشۆکەو شیردەرو جۆری تر گیانلەبەر بخاتە ناو ژینگەی کوردستانەوە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە رۆژنامەوانیی لەم ڕەوەوە ڕۆڵی هۆشیارکردنەوەو زانیاری زانستی هەیە، نەک تەنها بڵاوکردنەوە لە پێناو بڵاوکردنەوەدا.تێبینی: ڤیدیۆکە لەسایتی 964 وەرگیراوە. تەنانەت لێرەشدا لەبەر یاسا نوێیەکەی کەنەدا مافی ئەوەم نیە لینکی سایتەکە دابنێم
لەبارەی خالید سلێمان-ەوە
خالید سلێمان رۆژنامەنووس و راهێنەرێکی دیاری کوردە لە بواری ژینگەییدا، ساڵی پار لە بەیروتی پایتەختی لوبنان خەڵاتی دووەمی سەمیر قەسری پێبەخشرا لەسەر وتارێک کە لە رۆژنامەی ناشناڵ نیوز بڵاویکردبووە دەربارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، چالاکێکی بەردەوام پانێڵ و دیدارە نێودەوڵەتییەکانی کەشوهەوایە.
دوای نوسینی سەرنجەکە 964 داوای لە خالید سلێمان کرد بە کورتە ڤیدیۆیەک سەرنجی خۆی لەبارە مەترسی هێنانی ئاژەڵ و خشۆکە نامۆ و خۆسەپێنەکان دەرببڕێت، بەسوپاسەوە داواکەمانی قبوڵکرد.
964 داوایەکی کراوە ئاڕاستەی هەموو پسپۆڕان و شارەزایان و ئەو بەڕێزانە دەکات کە بابەت و ڤیدیۆکانی 964 دەکەوێتە بەرچاویان، بەسوپاسەوە داوە دەکەین هەر سەرنجێکتان لەسەر هەر بەرهەمێک هەبوو لای خۆتانەوە بڵاویبکەنەوە یان بۆمان بنێرن، تا بە پشتیوانی هەموو لایەک کارە دروستەکەی میدیا ئەنجام بدەین.