ترایله‌ری فیلمێكی نوێی كوردی بڵاوكرایه‌وه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

كورته‌ فیلمێكی نوێی كوردی به‌رهه‌م هێنراوه‌ و ئه‌مڕۆ ترایله‌ره‌كه‌ی بڵاوكرایه‌وه‌، ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ی ده‌ڵێت، به‌م زووانه‌ بۆ فێستیڤاڵه‌ جیهانییه‌كانی ده‌نێرین.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4ـی كانوونی دووه‌م، ترایله‌ری فیلمی ” The Locked Door – ده‌رگه‌ داخراوه‌كه‌، بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ كورته‌ فیلمێكی 14 خوله‌كییه‌.

بڵند عه‌لی، ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌ به‌ “964+ـی وت “چیرۆكی فیلمه‌كه‌ له‌ رووداوێكی راسته‌قینه‌ وه‌رگیراوه‌، كه‌ له‌ سلێمانی روویداوه‌، سیناریۆكه‌ی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئاڵا هۆشیار نووسیمه‌ و كاری ده‌رهێنانم بۆ كردووه‌.

دیمه‌نه‌كانی فیلمه‌كه‌ له‌ سلێمانی وێنه‌ی گیراوه‌، باس له‌ كوشتنی كچێك و دوو كوڕ له‌ ناو ماڵێكدا ده‌كات، كه‌ له‌ سلێمانی روویداوه‌.
بڵند عه‌لی وتی “فیلمه‌كه‌ ته‌واو ئاماده‌یه‌ و له‌مڕۆوه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ فێستیڤاڵه‌ جیهانییه‌كانی بنێرین و به‌شداریی بكه‌ین”.

“خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی فیلمه‌كه‌ 16 هه‌زار دۆلاره‌ و له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆم كردوومه‌ و كه‌س هاوكاری و سپۆنسه‌ریی نه‌كردووین”، بڵند عه‌لی وای وت.

تڕایلەری فەرمی فیلمەکە

له‌ فیلمه‌كه‌دا چوار ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی، سێ ئه‌كته‌ری پاڵپشت و 15 ئه‌كته‌ری كۆمبارس به‌شدارن، هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتن ڤێدات ئۆیان بووه‌، كه‌ كوردی باكووری كوردستانه‌.

ئه‌مه‌ سێیه‌م كاری كورته‌فیلمی بڵند عه‌لییه‌ له‌ بواری سینه‌مادا، جگه‌ له‌وه‌ش كاری له‌ چه‌ند فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری كردووه‌ و ئه‌زموونێكی به‌رچاوی له‌م بواره‌دا هه‌یه‌.