سەیرانگای ئاوی بن بەرد. وێنە :964
بۆ گەشتیاری و چارەسەری نەخۆشی بەکاریان هێناوە
بەم وەرزی بارانە ئاوی بن بەرد بێ ئاوە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ئەگەرچی کەشناسی رایگەیاندووە رێژەی باران بارین ئاستێکی باشی تۆمارکردووە و بەشێک لە کانیاوی چیاکان بوژاونەتەوە، بەڵام کانی “ئاوی بن بەرد” لە مەخمور وشکی کردووە.
ساڵانە بەهۆی زۆری ئاوەکەی خەڵک بۆ گەشت و سەیران سەردانی ئەو کانیەی دەکرد، هەندێک کەسیش وەک سەرچاوەی چارەسەر بۆ هەندێک نەخۆشی پێست سەردانی دەکرد، ئێستا هیچ کەسێک لەو ناوە نابینرێت.
زیرەك حەسەن بەڕێوبەری شارەوانی مەخمور بۆ 964 دەڵێت، بڕیارە لەساڵی داهاتووەوە کانیاوەکە هەوڵی بوژاندنەوەی بۆ بدرێت و کورسی و کەپری لێ دابنرێت و وەکو جاران بکرێتەوە شوێنێکی گەشتیاری، حکومەتی عێراق 800 ملیۆن دیناری بۆ بوژانەوەی شوێنە گەشتیاریەکانی مەخمور تەرخانکرد، بەڵام پابەندی ناردنی ئەو پارەیە نەبوو.
دەڤەری مەخمور چوار کانی هەیە، هەریەکە لە کانی تاراو، ترشاو، ئاوی بن بەرد شعادە و دەرماناو، لەو چوار کانیە تەنیا کانی ئاو بن بەرد ماوەتەوە ئەویش ئەمساڵ وشکی کردووە، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، کانی ئاوی بن بەرد زیاتر لە 50 ساڵە هەیە.
شێروان كریم دانیشتووی قەزای مەخمورە بە 964ی وت، پێشتر جگە لە سەیران خەڵک بۆ چارەسەری نەخۆشی دەهاتنە سەر کانیەکە و ئاوەکەیان بەکاردەهێنا.
مەخمور بە فەرمانی پاشایەتی ژمارە 458 لە 15ی ئاداری 1927 لە ناحیەوە کرا بە قەزا و خرایە سەر پارێزگای هەولێر، تا ساڵی 1996 بەمجۆرە مایەوە، بەڵام لەو ساڵەوە حکومەتی عێراق خستیە سەر پارێزگای نەینەوا.