یاداشتێکیان داوەتە وەزیرى پەروەردە
مامۆستایانى ناڕازى و وانەبێژ: ئێستا تۆپەکە لە ساحەى حکومەتە
964+
ئەحمەد محەمەد- سلێمانى
سبەینێ دەبێتە 105 رۆژ کە پرۆسەى خوێند لە سنوورى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و راپەڕین بەهۆى بایکۆتەوە راگیراوە، مامۆستایانی ناڕازیش یاداشتێکیان داوە بە وەزیرى پەروەردە و دەڵێن،”چاوەڕێى وەڵامین”.
وەرزی یەكەمی خوێندن كۆتایی هاتووە و قوتابیان لە چاوەڕوانی كردنەوەی هۆڵەكانی قوتابخانەن بۆ وەرزی دووەمی خوێندن، محەمەد كەمال، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە 964 وت،”ئێستا تۆپەكە لە ساحەی حكومەتە، ئێمە یاداشتێكمان گەیاندووەتە وەزیری پەروەردە و چاوەڕێی وەڵامین”.
وێڕاى جەختکردنەوە لە بایکۆتى پڕۆسەى خوێندن، دەشڵێت: هیچ هەنگاوێكی تاكلایەنانە لای ئێمەوە نانرێت، تا حكومەت هەنگاوێك نەیەتە پێشەوە و دەستپێشخەر نەبێت.
بە وتەى نوێنەرى مامۆستایانى وانەبێژ، تا 15.1.2024 چاوەڕێ دەبن، ئەگەر وەزارەتى پەروەردە وەڵامیان نەداتەوە، وێراى بایکۆت، خۆپیشاندانەکانیش دەستپێدەکەنەوە.
“ژمارەیەک رێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنى، دەیانەوێت نێوەندگیرى لە نێوان حکومەت و مامۆستایانى وانەبێژ و ناڕازى بکەن، ئەوەش بە مەبەستى دەستپێکردنەوەى پڕۆسەى خویندن و جێبەجێکردنى داواکارى مامۆستایان”، محەمەد کەمال واى بە 964 وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح