شووکردن و دووریی قوتابخانە و قەیرانی دارایی هۆکار بوون

خوێندکارە دابڕاوەکان دەگەڕێندرێنەوە قوتابخانەکان

میدیازان – سەعید محەمەد – هەولێر

تیمەکەی قەزای خەبات سەردانی ماڵەکان دەکەن – میدیازان

تیمێکی 10 کەسی لە قەزای خەبات ماوەی چوار ساڵە سەرقاڵی گەڕاندنەوەی خوێندکارە دابڕاوەکانن بۆ خوێندن و تا ئێستاش توانیویانە ٩١٥ خوێندکاری دابڕاو لە کۆی دوو هەزار و ١٦٨ خوێندکار بگەڕێننەوە.

پڕۆسەکە وەزارەتی پەروەردە سەرپەرشتیی دەکات و لە سنووری هەر ١١ پەروەردەکەی سنووری هەولێر جێبەجێ دەکرێت.

پشتیوان ساڵح، ڕێنماییکاری پڕۆژەی گەڕانەوەی قوتابی بۆ قوتابخانە لە سنووری پەروەردەی خەبات، بە میدیازانی ڕاگەیاند: ئەم پرۆژەیە لە ساڵی 2019 وەزارەتی پەروەردە بە هاوکاری رێکخراوی یونسێف لە سەرجەم پەروەردەکانی سنوری پارێزگای هەولێر دەستی پێ کردووە.

“بەشێک لە هۆکارەکان پەیوەندیی بە دووریی ڕێگای قوتابخانەوە هەبوو بە تایبەتی لە گوندەکان، ئەو گوندانەی قوتابخانەی ئامادەییان نییەو بە تایبەتی بۆ کچان، وە هۆکارێکی تریش شوکردنی کچان لە تەمەنی پێش 18 ساڵ و قەیرانی دارایی بوون.” پشتیوان ساڵح وای وت.