دوێنێ لافاو زیانی لێدابوون
پڕۆژە گەشتیارییەکانی گەلی زەنتا قەرەبوو دەکرێنەوە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
سێ پڕۆژەی گەشتیاری لە گەلی زەنتا بە کەمتر لە 650 هەزار دینار قەرەبوو دەکرێنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئاوی باراناو زیانی پێگەیاندوون و کورسی و سۆندە و هەندێ کەلوپەلی کەپرەکانیانی لەگەڵ خۆی بردووە.
دوو رۆژی رابردوو بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە پڕۆژە گەشتیارییەکانی گەلی زەنتا لە ناحیەی دینارتە بەر لافاو کەوتن و لیژنەیەکی گەشتوگوزاری ئاکرێش ئەمڕۆ یەکشەممە 24.12.2023 خەمڵاندنی بۆ سێ پڕۆژە گەشتیاری کردووە لەو شوێنە.
خالید رۆستەم، خاوەن پڕۆژەیەکی گەشتیارییە لە گەلی زەنتا و بە 964ـی وت، “لە ساڵی رابردووەوە سێیەم جارە ئاو زیانمان پێدەگەیەنێت و کەس نەهاتووە بەلاماندا و قەرەبوو نەکراوینەتەوە، هیوادارین ئەمجارە قەرەبوو بکرێینەوە”.
964 دەزانێت ژمارەیەکی زیاتری پڕۆژەی گەشتیاری بەر لافاوەکە کەوتوون، بەڵام هێشتا ژمارەیان رانەگەیەندراوە و بەشێک لە خاوەن پڕۆژەکانیش قەرەبووکردنەوەکەیان بەدڵ نییە و پێیان کەمە.
حەجی ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ بە 964ـی راگەیاند، لیژنەیەکی تایبەت سەر بە قایمقامیەتی ئاکرێ بە هەماهەنگی بەرگری شارستانی سەردانی گەلی زەنتایان کردووە و زیانەکان هەموو نووسران و بەرزیان کردووەتەوە بۆ قایمقامیەت و قەرەبووکردنەوەیان.
وتیشی، “هەندێک شوێن بەهۆی بەرزیی ئاو نەتوانرا کەشفی بۆ بکرێت، پارساڵیش زیانەکان زۆرتر بوون، بەڵام تاوەکو ئیستا قەرەبوو نەکراونەتەوە”.
ئەو سێ پڕۆژە گەشتیارییەی پشکنینیان بۆ کراوە دەرگەلی، زەنتا و پیرس بوون.
ئاستی ئاوی گەلی زەنتا بەرزبووەتەوە و چەندین کەپری گەشتیاری راماڵییوە
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد