بە قاچێکی 45 کیلۆییەوە بوو بە مۆدێل

+964
موحسین عومەر

کچە مۆدێلێک بە قاچێکی 45 کیلۆگرامییەوە دەیەوێت نیشانی جیهان بدات کە جیاوازبوون جوانە، نەک نامۆیی و خەفەت بێت بۆ خاوەنەکەی.

ماهۆگانی گێتێر، تەمەنی 24 ساڵە و مۆدێلە، لە زگماکەوە تووشی حاڵەتێکی دەگمەن بووە، کە قاچی 45 کیلۆگرامە، دوای تەمەنێک لە رووبەڕووبوونەوەی کێشەکەی، ژیانی گێتێر بۆ هەمیشە گۆڕا کاتێک دەرفەتی ئەوەی پێدرا کە ببێتە مۆدێل.

وەک لە ماڵپەڕی برایت ساید، بڵاوکراوەتەوە، ئەم کچە وایکردووە ببێتە چیرۆکێکی ئیلهامبەخش و نموونەیەکی گەورە بۆ دۆزینەوەی جوانی لە هەموو شوێنێکدا.

ماهۆگانی، دانیشتووی ویلایەتی تێنسی ئەمریکایە، لە زگماکەوە دەناڵێنێت بەوحاڵەتەوە کە بە ئاوسانی لیمفە ناسراوە، دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی شلەی زیادە لە شانە نەرمەکانی جەستەدا و ببێتە هۆی ئاوسانی بەشێکی جەستە، ئەمەش وایکردووە تەواوی بەشی چەپی جەستەی بئاوسێنێت، بە دیاریکراوی قاچی چەپی گرتووەتەوە.

وەک خۆی باسیکردووە، ئەم هەڵاوسانەی قاچی ماندووی دەکات، بەهۆی زیادەی کێشەکەیەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆی بەدەستەوە نەداوە، دکتۆریش پێیان وتووە ئەگەر بەردەوامبێت لە وەرزشکردن، رێژەی هەڵاوسانەکە کەمدەبێتەوە و بەرەو باشتر دەچێت.

ماهۆگانی دەڵێت: “لە منداڵیدا هەرگیز هەستم بە جوانی نەدەکرد، بەڵکو هەستم بە ناشیرینی دەکرد، وەکو کەسێکی نامۆ سەیردەکرام، زۆر جار لە ژوورەکەمدا بەتەنیا دەگریام”.

لە ساڵی 2017 ژیانی گێتێر بۆ هەمیشە گۆڕا، کاتێک لەلایەن فۆتۆگرافەرێکەوە بینرا و داوای لێکرد وەک مۆدێلێک وێنەی بگرێت، سەرەتا پێیوابوو گاڵتەی لەگەڵدا دەکات، بەڵام دواتر رازیبوو کە فۆتۆگرافەرەکە وێنەی بگرێت.

ئەم دەرفەتە ژیانی پیشەیی گێتێری وەک مۆدێلێک ناساند، دوابەدوای ئەمەش لە ڤیدیۆیەکی یوتیوبدا دەرکەوت کە زیاتر لە 10 ملیۆن بینەری کۆکردەوە، هەروەها ژمارەی فۆڵۆوەرزەکانی لە ئینستاگرام و پلاتفۆرمەکانی دیکەی سۆشیال میدیا زیادی کردووە.

جگە لەوەی خەڵکانێک کۆمێنتی رووخێنەر و نەشیاوی بۆدەکەن، بەڵام زۆرەبی کۆمێنتەکان و نامەکان دەستخۆشین و هیوای باشثربوونی بۆ دەخوازن، ئەمەش وایکردووە ئەو زیاتر ئەرێنی بێت و هەمیشە پەیامی وزەبەخش بڵاودەکاتەوە بۆ ئەو کەسانەی بە نەخۆشییەکەوە دەناڵێنن، دەڵێت: هەرگیز خۆتان بەدەستەوە مەدەن.

هەرچەندە گەشتەکەی گێتێر سەخت بووە، بەڵام فێری ئەوە بووە خۆی قبوڵ بکات و بەڵێن دەدات کە ئەم هەڵوێستە بۆ کەسانی دیکە بڵاوبکاتەوە.

هۆڵیۆد سمایڵ.. مۆدێلی نوێی جوانکاری لە دەم و ددان دا

هۆڵیۆد سمایڵ.. مۆدێلی نوێی جوانکاری لە دەم و ددان دا