"ساڵی ئایندە دیاری دەکرێت"
بنەماڵەی نەقیب محەمەد و هاوڕێکانی بە قەرەبوو رازی نین
964+
رێژوان مامەقادر – سلێمانی
بنەماڵەی نەقیب محەمەد و کەسوکاری بریندارەکان رازی نین، بەو پێشنیارەی شارەزای دادوەری بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانێکەوتووان دیاری کردووە، بەوهۆیەوە دانیشتنی دادگا لە پێنجەمین دانیشتنیدا بۆ رۆژی 7.1.2023 دواخرا.
کۆی گشتی قەرەبووەکە، کە شارەزای دادوەری دیاریکردووە، 364 ملیۆن دینارە کە لەلایەن تۆمەتبارەوە بدرێت بە بنەماڵەی نەقیب محەمەد و هاوڕێ بریندارەکانی.
قەرەبووکە بەم جۆرە بوو؛
– ئارام قادر بە 60 ملیۆن دینار قەرەبووی مادی و 20 ملیۆن دینار قەرەبووی مەعنەوی بکرێتەوە.
– ئاکام هیدایەت بە 16 ملیۆن دینار قەرەبووی مادی و شەش ملیۆن دینار قەرەبووی مەعنەوی بکرێتەوە.
– رێباز عومەر بە شەش ملیۆن دینار قەرەبووی مادی و 500 هەزار قەرەبووی مەعنەوی بکرێتەوە.
– سیروان حەسەنیش بە سێ ملیۆن دینار قەرەبووی مادی و دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار قەرەبووی مەعنەوی بکرێتەوە.
هاوکات شارەزای دادوەری داوای کردووە، شۆخان شەریفی هاوسەری نەقیب محەمەد بە 30 ملیۆن دینار قەرەبووی مادی و 16 ملیۆن قەرەبووی مەعنەوی بکرێتەوە، یاران نەقیب محەمەد بە 27 ملیۆن دینار قەرەبووی مادی و هەشت ملیۆن دینار قەرەبووی مەعنەوی بکرێتەوە، هاوکات یامور نەقیب محەمەدیش بە 30 ملیۆن دینار قەرەبووی مادی و هەشت ملیۆن قەرەبووی مەعنەوی بکرێتەوە.
هەروەها، ئامینە عومەری دایکی نەقیب محەمەد بە 25 ملیۆن قەرەبووی مادی و 22 ملیۆن دینار قەرەبووی مەعنەوی بکرێتەوە، هاوکات 33 ملیۆن دینار بۆ قەرەبووی ئەو ئۆتۆمبێلە پۆلیس کە زیانی بەرکەوتووە دیاری کرابوو.
لە کەیسی دادگایی کوشتنی نەقیب محەمەد چی وترا؟
کارزان فازیڵ، یەکێک لە تیمی پارێزەرانی داکۆکیکردن لە کەیسی نەقیب محەمەد بە 964ی راگەیاند، “ئەو قەرەبووە کەمە، پێشتر دادگا داوای هەندێک بەڵگەی دیکەی کردبوو هاوپێچی دۆسییەکەمان کردووە بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەسەر قەرەبووەکە و تانەی ئێمە، دانیشتووی داهاتوو لە 1.7.2024 بەڕێوەدەچێت”.
نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان بوو، شەوی 4.12.2023 لەگەڵ چوار کارمەندی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە چوونە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی، بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک کە لەسەر توندوتیژی خێزانی سکاڵای لەسەربوو، بەڵام لەو ماڵەی تۆمەتبارەکانی لێ بوو تەقە کرا، نەقیب محەمەد کوژراو، چوار کارمەندەکەی تریش برینداربوون، دواتر دەزگا ئەمنییەکان وتیان تەقەکەرەکە، ئەو کەسە و باوکی بوون کە تیمەکە چووبوون دەستگیری بکەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا