لەرووداوێکی هاتوچۆدا نۆ خوێندکاری زانکۆ و دوو شۆفێر برینداربوون
964+
مەجید بتوێنی
دەوامی زانکۆیان تەواو بوو، لە رێگەی گەڕانەوە بوون بۆ پشدەر، بەڵام رووداوێكی هاتووچۆ نۆ خوێندکار و دوو شوفێری بە برینداری گەڕاندەوە رانیە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
ئەو پاسەی نۆ خوێندکارەکەی زانکۆی لە رانیەوە دەگواستەوە بۆ قەزای پشدەر، لە رێگە لەگەڵ پیکاب مەرزیەیەک تووشی پێکدادان دەبێت و بەهۆیەوە هەر نۆ خوێندكارەکەو شوفێری مینی پاسەکەو پیکاب مەرزییەکە بریندار دەبن.
عەلی عەبدوڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕین بە 964+ راگەیاند، ئەمڕۆ چواری کانونی دووەمی 2023، رووداوێکی هاتوچۆ روویدا لە سێڕیانی رێگای سەرەکی رانیە قەڵادزێ کە ناسراوە بە سێڕیانی سەربازی، لەنزیک غاباتی رانیە.
رووداوەکە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی توێتا هایلۆکس کە بە پیکاب مەرزییە ناسراوە لەگەڵ مینی پاسێکی گواستنەوە، بەهۆیەوە 11 کەس بریندار بوون.
فەرمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی گشتی رانیە بە 964+ـی وت “سەرجەم بریندارەکانیان هێناوە بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەیان کە برینی سەرجەمیان سوکە و دەست و دەم و چاویان بریندار بووە و چارسەر وەردەگرن.
+964 دەزانێت، هەشت لەو خوێندکارانە کچن.
هەر نۆ خوێندکارەکە لەزانکۆی راپەڕین دەخوێنن، دانیشتوی قەزای پشدەرن.