تەندروستیى سلێمانى دوودڵە
بەشى چاودێریى چڕ دەکرێت بە پارە
964+
دیلان محەمەد جەزا
بە شێوەى کەرتى نیمچە تایبەت، نەخۆشخانەى کۆئەندامى هەناسە لە سلێمانى بەشى چاودێڕیى چڕ دەکاتەوە، هەرچەندە تەندروستیى سلێمانى دوودڵە، بەڵام دەڵێن: لەوە باشترە نەخۆش پارەیەکى زۆر بدات بە نەخۆشخانە تایبەتەکان.
دکتۆر هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیى سلێمانی بە 964 وت،”نەخۆشخانەی کۆئەندامی هەناسە لە سلێمانی ناسراوە بە نەخۆشخانەی ئەڵمانی، بڕیارە نزیکەی 40 جێگای چاودێری چڕ بکاتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کارمەند لە گفتوگۆدان بۆ کردنەوەی ئەو بەشە بە نیمچە تایبەت”.
هەرچەندە بڕیار بوو حکومەتى هەرێم 100 کارمەند بۆ نەخۆشخانەکە دابمەزرێنێت، بەڵام بە وتەى هیوا سەید سەلیم، تائێستا دانەمەزرێنراون، بۆیە ئێستا پڕۆژەیەک رادەستى حکومەتکراوە کە بەشى چاودێریى چڕ بەشێوەى نیمچە تایبەت بکرێتەوە، بەو پارەیەى کۆدەکرێتەوە کرێى ئەو کارمەندانە بدەن، کە لەوێ کاردەکەن.
“تەندروستى سلێمانى دوودڵە لەو پڕۆژەیە”
لەبەر ئەوەى نەخۆشخانەکە حکومییە، تەندروستى سلێمانى دوودڵى هەیە لە پڕۆژەکە، بەڵام بە وتەى جێگرى بەڕێوەبەرى تەندروستى، لە سلێمانى کێشەى کەمى جێگاى چاودێریى چڕ هەیە، کردنەوەى ئەو بەشە بە نرخێکى کەمە و باشترە لەوەى هاوڵاتییان 500 بۆ دوو ملیۆن دینار بدەن بە چاودێریى چڕ لە نەخۆشخانەکان.
“تائێستا نازانرێت نرخى مانەوە لە بەشى چاودێرى چڕى نەخۆشخانەکە چەندە، بەڵام تەندروستیى سلێمانى لە هەوڵدایە بۆ ئەوەى نرخێکى کەم لە نەخۆشان وەربگرن، ئەگەریش حکومەت کارمەند دابمەزرێنێت ئەوا بەشەکە بەبێ بەرامبەر دەکەنەوە”، هیوا سەید سەلیم واى وت.
تەندروستیى سلێمانى، ئەو دەنگۆیە رەتدەکاتەوە داهاتى کردنەوەى بەشى چاودێریى چڕ بۆ دانەوەى قەرزى ئەو کۆمپانیایانە بێت، کە لاى تەندروستى سلێمانییە.
کردنەوەى بەشەکە لە کاتێکدایە، نزیکەی چوار مانگە فۆڕم بۆ 10 هەزار کەس پڕ کراوەتەوە بۆ ئەوەى بەشێکیان لە نەخۆشخانەى کۆئەندامى هەناسە دابمەزرێندرێن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح