"غەریبانە لەم خۆشبەختیە دەڕوانم"

فیلمێکى کوردى بووە براوەى خەڵاتی گەورەترین فێستیڤاڵى عەرەبى

وریا فەتاح

فیلمێکى کوردى خەڵاتى باشترین فیلمى عەرەبى بردەوە  و سێ خەڵاتى گەورەترین فێستیڤاڵى عەرەبى بەدەستهێنا.

لە شەشەمین خولى فێستیڤاڵى فیلمى عەرەبى کە بە فێستیڤاڵى گۆنا ناسراوە و لە ناوچەى گۆناى میسر بەڕێوەدەچێت، فیلمێکى کوردى، بوو بە براوەى فێستیڤاڵەکە.

سینا محەمەد، نوسەر و دەرهێنەرى فیلمى غەریبانە لەم خۆشبەختییە دەڕوانم، بە 964ى وت،”بە شانازییەوە رایدەگەێنم کە فیلمەکەمان بووە براوەی فێستیڤاڵەکە و دوو گرینگترین خەڵاتەکانى فێستیڤاڵەکەمان بەدەستهێنا”.

فیلمەکە، خەڵاتى باشترین فیلمی درێژی عەرەبی و باشترین ئەکتەری سەرەکی ژنى، بەدەستهێنا.

فێستیڤاڵەکە لەسەر ئاستى دونیا هونەرمەند و فیلمسازە گەورەکان رووى لێدەکەن و بەرهەمەکانیان دەخەنەڕوو، بەوتەى سینا محەمەد، فیلمەکەیان دەنگدانەوەى زۆر باشى هەبووە و هونەرمەندە گەورەکان لە نزیکەوە لە وردەکارییەکانى فیلمەکەیان روانییوە.

فیلمەکە جگە لەو دوو خەڵاتە، خەڵاتى رێزلێنانى فیلمسازە نوێکانى میسرى پێبەخشراوە کە بەوتەى سینا محەمەد،”ئەو خەڵاتە زۆر گرنگە”.