لە ناحیەی پیرەمەگروون

چیت هەیە بیبەخشە و چیت دەوێت بیبە


بەرزان عوسمان – دوکان

لەناحیەی پیرەمەگروون گەنجێکی ناحیەکە پڕۆژیەکی داناوە بەناوی (چیت هەیە بیبەخشە و چیت دەوێت سوودمەندبە).

دوکانێکی لەسەنتەری ناحیەکە بۆ پڕۆژەکەی کردووەتەوە، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان چی جلوبەرگ و کەل و پەلێکیان هەیە و لەخۆیان زیادە، بیهێنن بۆ دوکانەکە و هەرکەسێکیش جلوبەرگ و کەلوپەلی پێویستە، بێبەرامبەر دەتوانێت بیبات و لێی سوودمەندبێت.

پێشڕەو رەسوڵ خاوەن و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە 964ی وت: “سەرەتای پڕۆژەکە لە هێنانی جلوبەرگی بەکارهاتوو لەلایەن هاوڵاتیانەوە دەستی پێکرد، بەڵام ئێستا جلوبەرگی بەکارنەهاتووشمان بۆدێنن جگە لە جلوبەرگ هاوڵاتیان پێڵاو و فەرش و پێداویستی ترمان بۆ دێنن و ئەوکاسانەی پێویستیانە دێن دەیبەن و بەکاری دەهێنن”.

ئەوەش دەڵێت، “بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەموو چین و توێژەکان لەم پڕۆژەیە سوودمەند بوون و جگە لە دانیشتوانی ناحیەکە، هاوڵاتیانی دەرەوەی ناحیەکەش سوودمەندن، خۆمان لەسەر ئەرکی خۆمان پێویستیەکانمان پێگەیاندوون، هەروەها لە چەند شارێکی تریش داوایان لێکراوە هاوشێوەی ناحیەی پیرەمەگروون پڕۆژەکەمان لە شارەکانی دیکەش بکەینەوە”.

پێداچوونەوە: موحسین عومەر