لە کەرکوک دەنگەکان دەژمێردرێت

دوو سندوقی گەڕەکە کوردییەکانی تێدایە و رەنگە گۆڕانکاری لە ئەنجامەکاندا بکات

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

کەمێک لەمەوبەر ژماردنی دەستی ئەو سندوقانەی دەنگدان لەکەرکوک دەستی پێکرد کە داتاکانیان نەچووبوو بۆ بەغدا، زۆرینەیان هی دەنگدانی تایبەتن و دوو سندوقی گەڕەکە کوردییەکانیشی تێدایە.

سندوقەکان هەمووی لە کۆگاکانی کۆمسیۆن کۆکراونەتەوەو هەر لەوێش دەژمێردرێن، پەیامنێری 964 ئێستا لە کۆگاکەیەو دەڵێت چاودێرانی هێزە سیاسییەکان و رێکخراوەکانیش لەوێن.

هەموو سندوقەکان 112 دانەن کە 40 هەزار دەنگیان تێدایە، 110 سندوقی دەنگدانی تایبەت و دوو سندوقی دەنگدانی گشتی.

110 سندوقەکە هی کەرکوک و پارێزگاکانی ترە، چونکە ژمارەیەک لە سەربازو هێزە ئەمنییەکان ئەو رۆژە لە پارێزگاکانی ترە هاتبوون و لە کەرکوک لە واجبدا بوون هەر لەوێش رۆژی 16ی کانوونی یەکەم دەنگیان دابوو.

دوو سندوقیشیان دەنگدانی گشتین و هی گەڕەکەکانی شۆڕجە و خاسەن، ئەمانیش دیسان بە دەستی دەژمێردرێنەوە.

ئەو ئامێرە ئەلکترۆنییەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەکارهات لەو جۆرەیە کە راستەوخۆ دەنگەکان دەخوێنێتەوەو لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی دەنگدانی یەکسەر دەنگە جیاکراوەکان دەنێرێتەوە بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە بەغدا، بەڵام رۆژی دەنگدانی تایبەت وتیان ئامێرەکان بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە نەیتوانیوە دەنگەکان بنێرێت، بۆیە دەبێت بە دەستی بژمێردرێنەوە، دوو سندوقەکەی گەڕەکە کوردییەکەش هەمان کێشەیان هەبووە.

عەلی عەباس بەرپرسی راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە کەرکوک بە 964ی وت ”دەنگەکان بە دەستی جیا دەکرێنەوەو دوور نییە ئەم دەنگانە گۆڕانکاری لە ریزبەندی کاندیدەکان بکات”.

ئەم 112 سندوقە هەموویان پێکەوە چل هەزار دەنگیان تێدایە، واتە بە تێکڕا هەر سندوقێک نزیکەی 360 دەنگی تێدایە.