پێویستیان پێیەتی

چەمچەماڵ بێ هۆڵی سینەمایە

هۆگرعەدنان – چەمچەماڵ

چەمچەماڵ بێ هۆڵی سینەمایە و فیلمەکان بە داتاشۆ لە هۆڵێکی شانۆدا نمایش دەکرێن، بە وتەی بەڕێوەبەری رۆشنبیری چەمچەماڵ، چەند جارێک داوایان کردووە و بۆیان نەکراوە.

نەبوونی ئەو هۆڵە هونەرمەندانی شارەکەی نیگەران کردووە، ئەوەتا ئازاد بایز، هونەرمەندی شاری چەمچەماڵ بە 964ـی وت، “لە چەمچەماڵ هونەر بە گشتی و سینەما بە تایبەت فەرامۆش کراوە، ئێستاش ئەگەر نمایشی فیلمێکی سینەمایی بهێنرێتە چەمچەماڵ دەبێت بە داتاشۆ نمایش بکرێت و بەهۆی بچووکیی بینای بەڕێوبەرایەتی رۆشبیریی چەمچەماڵەوە، بەشێک لە بینەران بێبەش دەبن لە بینینی فیلم و شانۆکان”.

964 دەزانێت چەند جارێک لە لایەن بەڕێوەرایەتیی رۆنشبیریی چەمچەماڵەوە داوای هۆڵی سینەما کراوە، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە و بۆیان جێبەجێ نەکراوە.

بەختیار شەریف قوربانی، بەڕێوەبەری رۆشنبیریی چەمچەماڵ بە 964ـی راگەیاند، کەرتی تایبەتیش لە دروستکردنی هۆڵێکی سینەمایی بۆ قەزاکە کەمتەرخەمە.

وتیشی، “ساڵانە دیداری چەمچەماڵ بۆ جینۆسایدمان هەیە و چەندان فیلم و کورتەفیلم نمایش دەکرێن، زانکۆی چەرمۆ و مۆنۆمێنتی ئەنفالیش ساڵانە فێستیڤاڵیان هەیە و فیلم نمایش دەکەن، بۆیە هۆڵێکی سینەما بۆ چەمچەماڵ زۆر پێویستە”.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد